چاونیوز: ڕۆژی ڕابردوو دوو کچی کە یەکێکیان تەمەنی ژیر ١٨ ساڵ بووە لە شارەکانی کرماشان و ئورمیە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
بە پێێ هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٩٩، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی ”شیرین کەمەری“ لە گەڕەکی دەڕەدرێژی کرماشان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە ڕاگەیاندووە، شیرین کەمەری بە هۆی گوشاری بنەماڵەکەی لەسەر ناوبراو بە مەبەستی شووکردنی زۆرەملێ بە کەسێک کە خۆشی نەویستووە، بە چەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
لەلایەکی دیکەوە و هەمان ڕۆژ، کچێکی تەمەن ٢٨ ساڵ بە ناوی ”شلێر بەرزەنجی“ کە خەڵکی گوندی کانی دەستار سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە بووە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و گیانی لە دەست داوە.
دەگوترێ کە ئەو کچە بە هۆی گوشاری بنەماڵەکەی لە سەر ناوبراو بە مەبەستی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ کەسێک کە خۆشی نەویستووە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.