چاونیوز: ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٣٩٩، کرێکارێکی ۴١ ساڵ تەمەن کە کاری دامەزراندنی ئاسانسۆڕ بوو لە حاڵەتی کار لە قاتی سێی بینایەکەوە هەڵکەوتوو لە یەکێک لە ناوچەکانی بجنوورد بوو دەکەوێتە خوارەوە و بە هۆی گرانی برینەکەی گیانی لە دەست دا.
هاوکات گەنجێکی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی بجنوورد ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، لە کاتی لەحیم کاری(جوشکاری) لە ماڵی باوکی لە یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەری بجنوورد تووشی تەزوویی کارەبا دەبێ و گیانی لە دەست دا.
بە گوێرەی ناوەندی هەواڵی مافی مرۆڤ، ڕۆژی چوارشەممەیش ٢۵ی پووشپەڕ، شوانێکی تەمەن ۵٠ ساڵ لە بەرزاییەکانی ناوچەی کردک لە گوندی مەهنان سەر بە شاری بجنوورد بە هۆی کەوتنە خوارەوە تووشی برینی گران دەبێ و پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانی لە دەست دەدات.
شیاوی باسە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی بە هۆی نەبوونی پەروەردە و فێرکاری و کەرەستەی خۆپاراستن لە کاتی کار کردن زۆر کەس تووشی خەساری گران دەبن و نەبوونی تەئمین و پێڕاگەیشتنی پزیشکی بەتایبەتی بۆ توێژی هەژار و کرێکار و نەبوونی سەنتەرێکی جیددی و ئەرک وەخۆگر وای کردووە ڕادەی خەسارەکان زۆرتر ببن و کارەساتی مرۆیی گەورە وەکوو ئیفلیج بوون و کەمئەندامی و لە زۆر حاڵەتیشدا مردن بێتە ئاراوە.