چاونیوز: لە شاری شنۆ و دەوروبەری زیاتر لە ١٦٠٠ کەس کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، پێویستیان بەهاوکاری و یارمەتی دڵسۆزان و هاوکاریی خەڵکی نیشتمانپەروەر و خێرخوازی کوردستان هەیە.
خاوەن پێداویستییەکان ئەو بەشە لە کۆمەڵگەن کە پێویستیان بە هاوکاری پزیشکی و پێڕاگەیشتنی تایبەت هەیە و لە هەر وڵاتێک دەوڵەت بەرپرسی پێڕاگەیشتن و خزمەت کردن بەو کەسانەیە و هەموو ئیمکاناتێکی ژیانیان بۆ دابین دەکرێ.
بەپێی ئەو هەواڵ و زانیاریانەی کە بە دەستمان گەیشتوون، لە شاری شنۆ و دەوروبەری ١٦٦٣ کەسی خاوەن پێداویستی (معلول) هەیە کە بۆ ژیان وحەوانەوە پێویستیان بە خزمەت کردن و پێڕاگەیشتن و شوێنی تایبەت هەیە، بەڵام دەوڵەت ئاوڕێکی لێنەداونەتەوە. بەهۆی ئەوەی کە دەوڵەت پێیانڕانگا و ئەنجوومەن و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەباری مادییەوە توانای پێڕاگەیشتن و شوێن و جێگەی حەوانەوەیان نییە، زۆربەی ئەو کەسانە هەر لە ماڵەکانی خۆیانن و کەسوکاریان خزمەتیان دەکەن.
دەوڵەت بۆ هەر کەسێکی خاوەن پێداویستی مانگانە ٤٥ هەزار تمەن و ٩٠ هەزار تمەنیش لە یارانەی دەوڵەمەندەکان دەگێڕێتەوە کە لەسەر یەک دەکاتە ١٤٥ هەزار تمەن و ئەمڕۆ ئەم پارە لە ئێران هیچ ئەرزشێکی نییە و بەشی سەرەتاییترین پێداویستییەکانیان ناکا.
شوێنی مانەوە و پێڕاگەیشتن و فیزوتڕاپی کە بۆ ئەم کەسانە زۆر زەروور و پێویستە، بەهۆی نەبوونی پارە و هاوکاری نەکردنی دەوڵەت کاری دروستکردنی ئەم بینایە پەکی کەوتوە.
لەگەڵ ئەوەی کە کۆمەڵێک لە کەسانی خۆبەخش و خەمخۆر و نیشتمانپەروەر دڵسۆزانە خەریکی دروستکردنی جێگایەکن بۆ ئەم خاوەن پێداویستیانە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پووڵ پرۆژەکەیان بە ناتەواوی ماوەتەوە.
خەڵکی کورد هەمیشە لە کاتە سەخت و هەستیارەکاندا هاوکار و پشت و پشتیوانی یەکتر بوون و بە هیممەتی خۆیان نەیانهێشتوە ئەم کارە ئینسانی و خێرخوازییانە پەکیان بکەوێ و ئەمڕۆش لێرەدا پێویستە کەسانی دەوڵەمەند و نیشتمانپەروەر و دەستڕۆیشتووی کوردستان بە تایبەت خەڵکی کوردپەروەر و دڵسۆزی شنۆ بەفریای ئەو کەسانەوە بچن و بۆ سەرخستنی پرۆژەکەیان هاوکار و پشتیوانیان بن و ببنە هۆی ئارامیی کەسانی خاوەن پێداویستی و کەسوکاریان و بە هیممەتی خۆیان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژەیە هاوکاریی ئەو خۆبەخشانە بکەن کە دەیانهەوێ خزمەتێک بەو بەشە لە کۆمەڵگە بکەن کە تووشی ئەم چارەنووسە بوون.