بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٣٩٩، هێزێکی سپای پاسدارنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانووی قاچاخی مەڕوماڵات و هەناردەکردنی بۆ باشووری کوردستان هەڵیان کوتایە سەر گوندی “بێمزورتێ” لە ناوچەی شنۆ و دەیانویست بەم بیانووەوە دەست بەسەر مەڕوماڵاتی خەڵکی ئەو ناوچەیەدا بگرن.
سەرچاوەیەک لە شاری شنۆ بە چاونیوزی ڕاگەیاند، لە ئاکامی ئەم دەستدرێژییە بێ شەرمانەیەی سپای پاسداران بۆ سەر مەڕو ماڵاتی خەڵک، خەڵکی گوندەکە زۆر بوێرانە ڕووبەروویان بوونەتەوە و ئیزنیان نەداوە کە مەڕو ماڵاتەکانیان لە گەڵ خۆیان ببەن بەڵام بەکرێگیراوانی سپای پاسدارن تەقە لە مەڕوماڵاتی خەڵکی دەکەن و بەم هۆیەوە زیاتر لە لە سەد سەر لە مەڕ و ماڵاتی خەڵکی ئەو ناوچەیە گوللـە باران دەکەن.
پێویستە بگوترێ کە هێزەکانی سپای پاسدارنی ئێران بێ هیچ بەڵگەیەک و بە پاساوی قاچاخی مەڕوماڵات بۆ باشووری کوردستان بەردەوام هێرش دەکەنە سەر ماڵی خەڵک و بەم جۆرە بە دەڕندانەترین شێوە مەڕ و ماڵاتی خەڵکی لەناو دەبەن، کە ئەم دیاردە ناشیرین و قێزەونە تەنیا و تەنیا لە کوردستان و لە لایەن سپای پاسدارانەوە دژ بە خەڵکی زەحمەتکێش بەڕێوە دەچێ.