چاونیوز: بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی شاری شنۆ لە بەندیخانەی ئەو شارە بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەندکراوێکی سیاسی بە ناوی ” ئەسکەندەر سید محەممەد پوور” خەڵکی شنۆ کە لەلایەن دادگای گشتیی ئەو شارە حوکم درابوو بە شێوەی مرجدار لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.
ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری شنۆ دەستبەسەر و ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی شاری ورمێ کرابوو و دواتر مانگی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا بەڕێوەچوونی دادگا ئازاد کرابوو.
ئەو هاونیشتمانییە لە لایەن دادگای گشتی شاری شنۆ بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران” سزای ٢ساڵ و٦مانگ دەستبەسەرکرانی بەسەردا سەپێندرا و مانگی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی بۆ جێبەجێ کردنی سزای بەندکرانی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی شاری شنۆ کرابوو.