چاونیوز: بەشێک لە بەندکراوانی بەندیخانەی شاری سەقز سەر بە پارێزگای سنە، بەکۆمەڵ لە زیندان ڕایانکرد.
بەپێی ئەو هەواڵ و کورتە ڤیدیۆیانەی کە بڵاوکراونەتەوە و ئەم هەواڵانەی کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوون، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٨ی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاوی، بەندکراوانی بەندیخانەی سەقز بە کۆمەڵ لە زیندانی ئەو شارە ڕایانکردووە. ئەم بەندکراوانە بەهۆی بێبەری بوون لەهەر چەشنە ئیمکاناتی تەندروستی و بێهداشتی، لە ناو بەندیخانە و وڵامنەدانەوەی بەرپرسان بە داواکاری بەندکراوان بە مەبەستی وەرگرتنی مەرەخەسی وبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، دوای تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە ئەمنیەکانی جێگیر لە بەندیخانە، هەڵاتوون. بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بەدەستمان گەیشتوون دەوروبەری بەندیخانە بە تەواوی لەلایەن هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم کۆنتڕۆڵکراوە و هەر کەس لە زیندانەکە نزیک بێتەوە دەسبەسەری دەکەن.
لەو کاتەوە کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بڵاوبۆوە و ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد کە بە مەبەستی پێشگیریکردن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە نێو بەندکراواندا مەرەخەسی بە زیندانیانی سیاسی بدرێ، بەڵام کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە تا ئێستا وڵامی داواکاریی رێکخراوە بەشەردۆستەکانی نەداوەتەوە و زیندانیانی سیاسی ئازاد نەکردووە. لەگەڵ ئەوەی کە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران فەرمانیدا کە بەشیک لە بەندکراوان بە بارمتە ئازاد بکرێن بەڵام ئەو بڕیارە زیندانیانی سیاسی نەگرتۆتەوە و زیندانیانی سیاسی لە پێدانی مەرەخەسی بێبەری بوون و سەرەڕای مەترسیداربوونی بەندیخانەکان و تووشبوون و گیان لەدەستدانی چەند زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا، تا ئێستاش لە مافی مەرەخەسی بێبەرین.
شایانی باسە کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە زیندانی تەورێز لە نێوان بەندکراوان و بەرپرسانی بەندیخانەدا شەڕ و تێکهەلچوون ڕوویدا و زیندانیان بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی کەلوپەلەکانی خۆیان لەنێو بەندیخانەدا ئاگردا. سەرچاوە*کوردستان و کورد