20ی مارسی هەموو ساڵێک لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ڕۆژی جیهانیی شادی ناودێر کراوە. مەبەست لە دیاریکردنی ڕۆژێک بەو ناوەش بردنەسەرێی ئاستی زانیاریی خەڵک لە مافی شادی و کەیفخۆشییانە.
ئامارەکانی ڕێکخراوین نەتەوە یەکگرەتووەکان باس لەوە دەکەن کە دانمارک لە ساڵی 2016دا بۆ سێهەمین جار وەک شادترین و کەیفخۆشترین وڵاتی دنیا بووە و ئێران لە پلەی 105ی ئەو ڕیزبەندییەدا جێی گرتوە.
ئەگەر شادی و دڵخۆشییەکان لە وڵاتانی جیهان ستانداردێکی هاوبەشیان هەیە، ئەوە پێوەرە لە ئێران و کوردستان جیاوازە. ڕەنگبێ لە ئێران گەورەترین دڵخۆشی ئەوە بێ کە ئەندامانی بنەماڵەت گیرۆدەی مادەی هۆشبەر نەبن، خەڵک بتوانن کاریان هەبێ و لە پێناو دەسخستنی بژیوی ماڵەوەیان شەرمەزاری ماڵ و منداڵیان نەبن؛ بەڵام پێوەرە جیهانییەکان بۆ شادی و دڵخۆشبوون بریتییە لەوانە: بڕی بەرهەمهێنانی ناخالیسی نیشتمانی بۆ هەر کەسێک، پشتیوانیو پشتگیرییە کۆمەڵایەتییەکان، بڕی ئازادی بۆ هەڵبژاردنی جۆری ژیان، هیوا بە ژیانێکی سالم، بڕی بەخشین و لێبوردەیی، بڕی متمانە و باوەڕ بەخۆبوون، بڕی زانیاریی خەڵک لە گەندەڵییە ماڵی و کۆمەڵایەتییەکان و هیوا بە بەردەوامیی ژیان.
ئێران لەو ڕیزبەندییەدا پلەی 105ی وڵاتانی دنیای پێدراوە. لەو پێوەندییەدا گرینگترین هۆکاری دڵخۆشنەبوونی خەڵک کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی دەکا کەمی و کەمایسیی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی، ئازادییەکی زۆر زۆر کەم بۆ هەلبژاردنی ژیان و دڵچووکەیی و کەمیی بەخشین و لێبوردەیی خەڵکە.
ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکا ئەو کەسانەی لە وڵاتە شادەکاندا دەژین هیوایان بە ژیانی بەردرێژە و دڵخۆشییەکانیان بەکۆمەڵە، بەڵام لە ئێران دۆخەکە جۆرێکی دیکەیە و مافی زۆر شادی و دڵخۆشیی بە کۆمەڵ لە خەڵک وەرگیراوقەتەوە و لەلایەن پۆلیسەوە پێشی پێ دەگیردرێ.
کۆمەڵناسان دەڵێن لە ئێرانی ئێستادا لاوەکان زۆرترین داڵغەیان بۆ داهاتووی کار و پیشەی خۆیان هەیە و ئەو خەمۆکی و نیگەرانی و داڵغەی خۆیان سروشتییە کە بۆ بنەماڵەکەشیان بگوازرێتەوە، هەر بۆیەشە لە کەشی خێزان و بنەماڵەشدا کەمترین دڵخۆشی دەبیندرێ.
کۆمەڵناسان دەڵێن ئەگەر لە وڵاتان بەپێی ستانداردە جیهانییەکان ڕێگا بۆ شادی و دڵخۆشیی گشتی و بەکۆمەڵی زیاتر خۆش دەکرێ، بەڵام ئەو کارە لە ئێران بایەخی نادرێتێ و حکومەت زیاتر خەڵک بۆ بەشداری لە رێوڕەسمە ماتەمینییەکان و شینگێڕییەکان هان دەدا.
سروشتییە لەو نێوەدا کوردستان بەهۆی ئەوەی لە هەموو بوارەکانی گەشەدا لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی ئێرانە، شادی و دڵخۆشیی خەڵکەکەشی لە چاو ناوچەکانی دیکەی ئێڕان بە تایبەت ناوچە گەشەکردووەکان کەمترە.