چاونیوز: ماموستایەکی ئایینی خەڵکی ناوچەی هەوشار(ساینقەڵا) زیاتر لە دوومانگە دەسبەسەر و هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری گرتنی لەبەر دەست دا نییە.
بەپێی هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ماموستایەکی ئایینی خەڵکی ناوچەی هەوشار بەناوی ماموستا مەلا”ئەحمەد چووپانی” کوڕی حسێن ماوەی زیاتر لە دوومانگە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ساینقەڵا دەسبەسەر کراوە و هەتا ئێستا لە هۆکاری گرتنی ناوبرا زانیارییەکی ئەوتۆ لەبەر دەست دا نییە.
لەم بارەیەوە سەرچاوەیەک بە “چاونیوز”ـی ڕاگەیاند:ماموستا مەلا ئەحمەد چووپانی کەسایەتییەکی نەتەوەیی و ئۆلیی ناوچەی هەوشارە و زیاتر لە دوومانگە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە و تەنانەت بەشێک لە کتێبەکانی، موبایل و لەپ تاپەکەشی دەستی بەسەردا گیراوە.
ئەو سەرچاوەیە گوتی: چەند ڕۆژ لەمەوبەر بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندبوو، دەتوانن بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازادی بکەن بەڵام کە دواتر بنەماڵەکەی هەوڵی دانانی بارمتەیان کردووە پێیان ڕاگەیاندوون کە: ئێمە جارێ کارمان بە ماموستایە!.
سەرەڕای هەوڵی بەردەوامی بنەماڵە و خزمانی ماموستا هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری گرتنی ناوبراو لەبەردەست دانییە و چارەنووسیشی نادیارە.