چاونیوز: چالاکانی مەدەنیی یارسان لەهەمبەر بێڕێزیکردنی کاربەدەستانی بەندیخانەی ساوە کە سمێڵی یەکێک لە باوەڕمەندانی ئایینی یارسانیان بە زۆرەملیی تاشییبوو، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و بە تووندی ئەم کارەیان مەحکووم کرد
لە بەردەوامیی بێڕێزی کردن و پشێلکردنی مافەکانی هاووڵاتییان لەلایەن کاربەدەستان و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا کاربەدەستانی بەندیخانەی ساوە سمێڵی یەکێک لە باوەڕمەندانی ئایینی یارسانیان بە ناوی “جەواد ئەحمەدی” تاشی، کە تاشینی سمێڵ وەک بێڕێزییەکەی گەورە بە باوەڕمەمندانی ئایینی یارسان دێتە ئەژمار و سووکایەتی پێکردن و شکاندنی کەسایەتی باوەڕمەندانی کەمینە ئایینییەکانی لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە کارێکی تازە نییە و بە دەیان ساڵە بەردەوامە لە پشێلکردنی مافی هاوڵاتییان و کەمینە ئایینییەکان.
لەو پێوەندییەدا “سیاوەش حەیاتی”، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژکارانی مەدەنی یارسان، لە وتووێژێکدا وتی: بەداخەوە ئەنجامدانی کردەوەی لەم شێوەیە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە بە نیسبەت باوەڕمەندانی ئایینی یارسان یەکەمجار نییە و لە سەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامییەوە، کەمینە ئایینییەکان لەلایەن کەسانی دەمارگرژ و هەلپەرەست بەردەوام بووە.
ناوبراو بەئاماژە بەوەیکە چۆن ئاڵا وەک هێمایەکە بۆ وڵاتێک و ئەگەر بێتوو لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە بێڕێزی بەو هێمایە بکرێ ئەگەری ڕوودانی شەڕ لەگەڵ ئەم وڵاتەدا هەیە، ئەو کەسانەی کە سووکایەتی بە هێما نەتەوەیی و ئایینییەکان بکەن تەنانەت باوەڕیان بە مرۆڤایەتی نییە کە بەداخەوە لە ئێستادا بارودۆخێک پێکهاتووە کە دەستی داعشییە فەرهەنگییەکانی بۆدەسدرێژی بۆ سەر مافە بنەڕەتییەکانی یارسانەکان ئاوەڵا کردوە و هیچکام لەو کەسانەی مافی ئینسانی و هاووڵاتیی بوونی ئێمەیان پێشێلکردووە سزا نەدراون، ئێمە وەک کۆڕی ڕاوێژکارانی مەدەنیی یارسان، ئەم کردەوەیەی بەرپرسانی بەندیخانەی ساوە بە نەشیاو و ناڕەوا دەزانین و بە تووندی مەحکوم دەکەین.