(( بڕیارنامه‌ی104/48ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان))
25ی نۆڤامبه‌ر، به “رۆژی جیهانیی له نێو بردنی توند‌و تیژی دژی ژنان” ناودێر كراوه. ئه‌م رۆژه، 17ی دیسامبری 1999 له لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه، له هه‌شتاو سێهه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی گشتی (ده‌وره‌ی په‌نجاو چواره‌م)دا به رۆژی جیهانیی توندوتیژی دژی ژنان ناودێر كرا.”به‌یاننامه‌ی پێشگیری له ته‌ندو تیژی دژی ژنان”، په‌سه‌ندكراوی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، مه‌به‌ست له توند‌و تیژی دژی ژنان، ئه‌ركی ده‌وڵه‌تان وكۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌م پێوه‌ندییه‌دا روونده‌كاته‌وه.
كۆمه‌ڵه‌ی گشتی،
به ئاگاداری له‌م پێویستییه به په‌له‌یه كه مافه‌كان‌و بنه‌ماكانی پێوه‌ندیدار به یه‌كسانی، ئاسایش، ئازادی، تهواوهتیو گه‌وره‌یی هه‌موو مرۆڤه‌كان، ده‌بێ به شێوه‌یه‌كی جیهانگیر له‌باری ژنانیشه‌وه ره‌چاو بكرێن،
به سه‌رنجدان به‌وه كه ئه‌م ماف‌و بنه‌مایانه، له به‌ڵگه‌نامه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا، بۆ وێنه له “جاڕنامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ”(1)، “په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه مهدهنیو سیاسییه‌كان”(2)، “په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كولتوورییه‌كان”(2)، “رێككه‌وتننامه‌ی له‌نێوبردنی هه‌موو جۆره‌كانی جیاوازی‌دانان به دژی ژنان”(3)و “رێككه‌وتننامه‌ی دژی ئه‌شكه‌نجه‌و ره‌فتار یان سزای توندوتیژ، نامرۆیی‌و پڕ له سووكایه‌تی”(4)دا، رێزیان لـێگیراوه،
به ئاگاداری له‌وه كه به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رچی كاریگه‌رتری “رێككه‌وتننامه‌ی نه‌هێشتنی هه‌موو جۆره‌كانی جیاوازی‌دانان به دژی ژنان” یارمه‌تی به نه‌هێشتنی توندوتیژی به‌رانبه‌ر به ژنان دهكاو، “به‌یاننامه‌ی نه‌هێشتنی توندوتیژی به دژی ژنان” به‌و جۆره كه له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا ده‌خرێته روو، ئه‌م ره‌وته به‌هێزو ته‌واو ده‌كا،
نیگه‌ران له‌وه كه توندوتیژی دژی ژنان كۆسپی گه‌یشتن به یه‌كسانی، پێشكه‌وتن‌و ئاشتییه، هه‌روه‌ك له “ستراتیژییه داهاتووبینهكانی كۆنفرانسی نایرۆبی بۆ پێشكه‌وتنی ژنان”دا روونكراوه‌ته‌وه‌و له‌واندا هێندێك گه‌ڵاڵه بۆ به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ توندوتیژی دژی ژنان پێشنیار كراوه‌و، به مه‌به‌ستی به‌ڕێوه‌چوونی به ته‌واویی “رێككه‌وتننامه‌ی له‌نێوبردنی هه‌موو جۆره‌كانی جیاوازی‌دانان به دژی ژنان”،
پێ‌داگر له‌سه‌ر ئه‌مه كه توندوتیژی دژی ژنان، بناغه‌یه‌كه بۆ پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژنان‌و، ده‌ستڕاگه‌یشتنی ژنان به‌م ماف‌و ئازادییانه تاڕاده‌یه‌ك یان به ته‌واوی ره‌تده‌كاته‌وه،
نیگه‌ران له سه‌رنه‌كه‌وتن له پشتیوانی‌و به‌ره‌وژووربردنی ئه‌م ماف‌و ئازادییانه له درێژخایه‌ندا، سه‌باره‌ت به توندوتیژی به دژی ژنان،
به ئاگاداری له‌مه كه توندوتیژی دژی ژنان، نوێنگهیهكه بۆ پێشاندانی نایه‌كسانیی مێژوویی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات له نێوان ژنان‌و پیاواندا، كه بووه به هۆی ژێرده‌ست كردن‌و هه‌ڵاواردنی ژنان به‌هۆی پیاوانه‌وه و ، پێشگیری له به‌ره‌وپێشچوونی به ته‌واویی ژنانی لـێكهوتۆتهوه،
هه‌روه‌ها ]به ئاگاداری له‌مه كه[ توندوتیژی دژی ژنان یه‌كێك له‌و میكانیزمه كۆمه‌ڵایه‌تییه گرنگانه‌یه كه ژنان ناچار ده‌كا مل بۆ پله‌و پایه‌و پێگه‌ی نزمتر ـ له چاو پیاوان ـ رابكێشن،
نیگه‌ران له‌وه كه هێندێك له گروپه‌كانی ژنان بۆ وێنه ژنانی سه‌ر به گروپه كهمایهتییهكان، ژنانی خۆوڵاتی (بومی)، ژنانی په‌نابه‌ر، ژنانی كۆچه‌ر، ئه‌و ژنانه‌ی له لادێ یان ناوچه دووره ده‌سته‌كان ده‌ژین، ژنانی بێئه‌نوا، ژنانی به‌ندكراو یان ده‌سبه‌سه‌ر، كچانی مێرمنداڵ، ژنانی نهقوستانو بێ‌توانا، ژنانی بهساڵاچووو ژنانی ناوچه شهڕلێدراوهكان به‌تایبه‌ت له به‌رانبه‌ر توندوتیژیدا لاوازن،
به وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامی پاراگرافی 23ی هاوپێچی بڕیارنامه‌ی 24ی مای 1990ی شوورای كۆمه‌ڵایه‌تی (ژماره 15/1990)و هه‌ست كردن به‌وه كه توندوتیژی دژی ژنان له بنه‌ماڵه‌و كۆمه‌ڵگه‌دا په‌ره گرتوویهو، له سنووری داهات، چین‌و كولتوور تێده‌په‌ڕێ، ده‌بێ هه‌نگاوی به په‌له‌و كاریگه‌ر بۆ له‌نێوبردنی ئه‌م دیارده‌یه بنرێ،
هه‌روه‌ها به وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی بڕیارنامه‌ی 18/1991ی شوورای ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی (30ی مای 1991) كه شوورا له‌ودا پێشنیاری ئاماده‌كردنی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی هێناوه‌ته گۆڕێ كه به شێوه‌یه‌كی راشكاوانه سه‌رنج بداته كێشه‌ی توندوتیژی به دژی ژنان،
وه‌ك پێشوازی له رۆڵێك كه بزووتنه‌وه‌كانی ژنان له راكێشانی رۆژ به‌رۆژ زیاتری سه‌رنجه‌كان بۆلای نێوه‌رۆك، جیددیبوونو ره‌هه‌نده‌كانی كێشه‌ی توندوتیژی به دژی ژناندا هه‌یانه،
به هه‌ستكردنی ئه‌م مه‌ترسییه كه دهرهتانو ده‌رفه‌ته‌كانی ژنان بۆ به‌ده‌ستهێنانی یه‌كسانیی مافه‌كان‌و به‌رابه‌ری له بواره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی‌و ئابووریی كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌هۆی جۆراوجۆر‌و یه‌ك له‌وان توندوتیژیی پهرهگرو به‌رده‌وام، به‌رته‌سك‌و سنووردارن،
به سه‌رنجدان به‌و خاڵانه‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌یان پێكراوه، بڕوامان وایه كه پێناسه‌یه‌كی گشتگیر‌و روون بۆ توندوتیژی دژی ژنان، به‌یاننامه‌یه‌كی روون له باره‌ی ئه‌و مافانه‌ی ده‌بێ ره‌چاو بكرێن‌و ده‌سته‌به‌ری نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنان له هه‌موو شێوه‌و جۆره‌كانی دان، هه‌روه‌ها دهروهستبوونێك له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانه‌وه به نیازی رێزگرتن لهبهرپرسایهتییهكانیانو، دهروهستبوونێكیش له‌لایه‌ن سه‌رجه‌می كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنان پێویسته. هه‌ر بۆیه به‌ڕه‌سمی به‌یاننامه‌ی نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنان له خواره‌وه‌دا راده‌گه‌یه‌نین‌و، سوورین له‌سه‌ر ئه‌مه كه بۆ ناساندن‌و رێزگیرانی له لایه‌ن هه‌مووانه‌وه، ده‌بێ هه‌ر چه‌شنه هه‌وڵێكی پێویست بدرێ:
مادده‌ی 1:
له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا، مه‌به‌ست له ده‌سته‌واژه‌ی “توندوتیژی دژی ژنان” هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی توندوتیژ له‌سه‌ر بناغه‌ی جنسیهته كه ببێته هۆی ئازاردان‌و زیان پێگه‌یاندنی جه‌سته‌یی، جینسی یان ده‌روونیی ژنان، یان له‌وانه‌یه ببێته هۆی ئه‌م جۆره ئازار‌و زیانانه. هه‌ڕه‌شه یان كرده‌وه‌ی هاوشێوه، زۆری كردن له ژنان، بێبه‌شكردنی زۆردارانه‌ی ئه‌وان له ئازادی كه له‌به‌رچاوی خه‌ڵك یان له چوارچێوه‌ی ژیانی تایبه‌تیدا رووده‌ده‌ن، له رێزی ره‌فتارو كرده‌وه‌ی توندوتیژ دان.
مادده‌ی 2:
لێكدانه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام هه‌ر به‌م نموونانه نابه‌سترێته‌وه:
ئهلف- توندوتیژی جه‌سته‌یی، جینسی‌و ده‌روونی كه له بنه‌ماڵه‌دا رووده‌ده‌ن، بۆ وێنه لێدان، ئازاردانی جینسیی كچانی مێرمنداڵ له ماڵدا، توندوتیژیی پێوه‌ندیدار به جیاز، ده‌ستدرێژی له‌لایه‌ن مێرده‌وه، خه‌ته‌نه‌كردنی ژنان‌و ئه‌و دابونهریتانهی زیان به ژنان ده‌گه‌یه‌نن، توندوتیژی له پێوه‌ندیی به‌ده‌ر له ژن‌و مێردایهتیداو توندوتیژی تایبه‌ت به‌ژنان.
ب- توندوتیژی جه‌سته‌یی، جینسی‌و ده‌روونی كه له به‌ستێنی ژیانی به كۆمه‌ڵدا روو ده‌ده‌ن، بۆ نموونه: ده‌ستدریژی، كه‌ڵكی خراپ وه‌رگرتنی جینسی، ئازاردانی جینسی و ترساندن له شوێنی كار، له ناوه‌نده فێركارییه‌كان و شوێنه‌كانی دیكه‌دا، كڕین و فرۆشتنی ژنان و له‌شفرۆشیی به زۆری.
(پ) توندوتیژی جه‌سته‌یی، جینسی‌و ده‌روونی كه به هۆی ده‌وڵه‌ته‌وه ئه‌نجامده‌درێ یان له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه پشتگوێ ده‌خرێ.
مادده‌ی3:
ژنان به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان [له گه‌ڵ پیاوان] مافی ده‌ستڕاگه‌یشتن به هه‌موو مافه مرۆییه‌كان و ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان له بواره‌كانی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، كولتووری، مه‌ده‌نی و هه‌موو بواره‌كانی دیكهداو، هه‌ر وه‌ها مافی پاراستنی ئه‌و ماف و ئازادییانه‌یان هه‌یه. ئه‌م مافانه بریتین له:
ئهلف- مافی ژیان(6)
ب- مافی یه‌كسانی (7)
پ- مافی ئازادی‌و ئاسایشی كه‌سی(8)
ت- مافی پشتگیری له‌لایه‌ن قانوونه‌وه(7)
ج- مافی رزگاری له هه‌موو جۆره‌كانی هه‌ڵاواردن(7)
چ- مافی كه‌ڵكوه‌رگرتن له زۆرترین راده‌ی گونجاوی سڵامه‌تیی جهستهییو ده‌روونی(9)
ح- مافی [هه‌بوونی] هه‌لومه‌رجی دادپه‌روه‌رانه‌و جێگای ره‌زامه‌ندی بۆ كار(10)
خ- مافی ئه‌وه كه تاك نه‌كه‌وێته ژێر ئه‌شكه‌نجه یان سزا‌و ره‌فتاری توندوتیژ، نامرۆیی‌و پڕسووكایهتی.(11)
مادده‌ی 4:
ده‌وڵه‌تان ده‌بێ توندوتیژی دژی ژنان مه‌حكووم بكهنو، نابێ هیچ دابونه‌ریت یان تێبینیی ئایینی، بكه‌نه بیانوو بۆ ئه‌نجام [نه]دانی ئه‌ركه‌كانیان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ نه‌هێشتنی توندوتیژیدا. ده‌وڵه‌تان ده‌بێ به كه‌ڵكوه‌رگرتن له هه‌موو شێوه گونجاوهكانو بێ‌راوه‌ستان، سیاسه‌تی نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنان هه‌تا سه‌ر ئه‌نجامه‌كه‌ی درێژه پێ بده‌ن. هه‌روه‌ها ده‌بێ:
ئهلف- ئه‌گه‌ر تا ئێستا به ته‌واوی له ئاست “رێككه‌وتننامه‌ی له‌نێوبردنی هه‌موو جۆره‌كانی هه‌ڵاواردن دژی ژنان” خۆیان به‌رعۆده نه‌كردووه، ده‌بێ په‌سندی بكه‌ن، یان به‌شێوه‌ی ره‌سمی ببن به ئهندامیو، واز له مه‌رجه تایبه‌تییه‌كانی خۆیان له‌باره‌ی ئه‌م رێككهوتننامهیهوه بێنن.
ب- له به ئه‌ستۆگرتنی هه‌ر چه‌شنه توندوتیژییه‌ك، خۆ بپارێزن،
پ- به مه‌به‌ستی پێشگیری له توندوتیژیو ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه له‌م پێوهندییهداو، دانانی سزا بۆ كرده‌وه‌ی توندوتیژ دژی ژنان، هه‌موو هه‌وڵێكی پێویست به گوێره‌ی قانوونه‌كانی وڵات بده‌ن. جا چ ئه‌م كرده‌وانه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه ئه‌نجام درابن، چ له‌لایه‌ن كه‌سانی تایبه‌تییه‌وه.
ت- له قانوونه‌كانی وڵات‌دا ده‌بێ لایحه‌ی ره‌سمیی سزایی، مه‌ده‌نی، كاری‌و ئیداری بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌تایانه ئاماده بكه‌ن كه ده‌رهه‌ق به ژنانی توندوتیژی چێشتوو، ئه‌نجامدراون. ئه‌و ژنانه‌ی له‌گه‌ڵ توندوتیژی به‌ره‌وڕوو ده‌بن، ده‌بێ رێگاچاره‌ی قهزایییان بۆ دابین بكرێ‌و، به پشتیوانیی قانوونه‌كانی وڵات، زیانه‌كانیان به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌و كاریگه‌ر بۆ قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه. ده‌وڵه‌ت هه‌روه‌ها ده‌بێ ژنان له مافه‌كانیان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیان‌و وه‌ده‌ستهێنانی توانایی به‌هۆی ئه‌م رێگاچارانهوه ئاگادار بكاته‌وه.
ج- به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی پشتگیری له ژنان بۆ به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رچه‌شنه توندوتیژییه‌ك، یان زیادكردنی هێندێك مادده له به‌رنامه‌كانی خۆیان به‌و مه‌به‌سته، هه‌روه‌ها هاوكاریی گونجاو له هێندێك بواردا له‌گه‌ڵ رێكخراوه ناده‌وڵه‌تییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوانه‌ی به كێشه‌ی توندوتیژییه‌وه خه‌ریكن.
چ- دیاریكردنی رێگاكانی پێشگیری له توندوتیژیو، دانانی پلانی گشتگیری كاری له بواره‌كانی حقووقی (مافه‌كان)، سیاسی، ئیداری‌و كولتووریدا كه پشتیوانی له ژنان له به‌رانبه‌ر هه‌ر چه‌شنه توندوتیژییه‌ك بره‌و پێ دهدهنو، ده‌بنه ده‌سته‌به‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی ژنان سه‌باره‌ت به ههستیارنهبوونی قانوون له ئاست تێبینییه جینسییهكانداو له ئاكامی جۆره‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی قانوون‌و خۆ تێههڵقوتاندنه ده‌وڵه‌تییه‌كانی دیكه‌دا، نابنه‌وه به قوربانیی توندوتیژی.
ح- هه‌وڵ بده‌ن بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌وه كه ژنانی ژێر توندوتیژی، ئه‌گه‌ر پێویست بوو منداڵه‌كانیان له یارمه‌تییه تایبه‌تییه‌كانی وه‌ك توانایی پێبه‌خشین، هاوكاری له سهرپهرستیو چاوه‌دێریی منداڵان‌و ژیانوبهڕێچووندا، ده‌رمان، راوێژكاری‌و خزمه‌ته لهشساغیو كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌هره‌مه‌ند بن. ناوه‌نده‌كان، پڕۆگرامهكانو رێكخراوه یارمه‌تیده‌ره‌كان ده‌بێ هه‌نگاوی پێویست بۆ به‌ره‌وژووربردنی ئاسایش‌و توانایی به‌خشینی جهستهییو ده‌روونی به‌وان، هه‌ڵبگرن.
خ- له بوودجه‌ی ده‌وڵه‌تدا، به‌ڕاده‌ی پێویست بۆ تێكۆشانی پێوه‌ندیدار به نه‌هێشتنی توندوتیژی ته‌رخان بكه‌ن.
د- بۆ فێركردن‌و راهێنانی هێزه‌كانی ئاسایش‌و به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تیی به‌رپرسیار له جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ته‌كانی تایبه‌ت به پێشگیری، لێكۆڵینه‌وه‌و سزادانان بۆ توندوتیژی له دژی ژنان، هه‌نگاوی پێویست هه‌ڵبگرن تا ئه‌م كه‌سانه هه‌مبه‌ر به پێویستییه‌كانی ژنان هه‌ستیار بن.
ر- هه‌نگاوی پێویست به‌تایبه‌تی له بواری فێركاریدا هه‌ڵبگرن بۆ ئه‌وه‌ی چاكسازی له‌سه‌ر مه‌شقه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كولتوورییه‌كانی ره‌فتاری پیاوو ژن‌دا بكهنو، هه‌ڵاواردنه‌كان، ره‌فتاری باو‌و هه‌موو چه‌شنه ره‌فتارێك كه له‌سه‌ر بناغه‌ی ژێرده‌ستی یان باڵاده‌ستیی جنسێكهو، ژن‌و پیاو پێی راهاتوون، له نێو ببه‌ن.
ز- لێكۆڵینه‌وه، كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری‌و ئامار (ئهژمێرهكان)، به‌تایبه‌تی له باری توندوتیژیی بنهماڵهییو شێوه جۆراوجۆره‌كانی توندوتیژی دژی ژنان، بره‌و پێ بدهنو هانده‌ر بن بۆ لێكۆلێنه‌وه له‌باری هۆیه‌كان، نێوه‌رۆك، راده‌ی جیددیبوونو ئاكامه‌كانی توندوتیژی به‌دژی ژنان‌و، راده‌ی كاریگه‌ریی هه‌نگاوه‌كان به مه‌به‌ستی پێشگیری له توندوتیژیو هه‌روه‌ها قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی توندوتیژی له هه‌مبه‌ر ژنان. ئه‌م ئامار‌و زانیارییانه ده‌بێ بخرێنه به‌رچاوی هه‌مووان.
ژ- هه‌نگاوی پێویست به مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی توندوتیژی به‌تایبه‌تی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌دا كه له به‌رانبه‌ر توندوتیژی لاوازن، هه‌ڵبگرن.
س- له‌و راپۆرتانه‌دا كه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌ڵگه‌نامه‌كانی مافی مرۆڤدا پێشكێشی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی ده‌كه‌ن، زانیاریی پێوه‌ندیدار به توندوتیژی دژی ژنان‌و، [راپۆرتی] هه‌نگاوی هه‌ڵگیراو به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی داواكانی ئه‌م به‌یاننامه‌یه، بگونجێنن.
ش- هانده‌ری دانانی پلانی كاری به مه‌به‌ستی جێبه‌جێبوونی بنه‌ماكانی ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه بن.
ع- هاوكاریی چالاكی‌و تێكۆشانی بزووتنه‌وه‌و رێكخراوه ناده‌وڵه‌تییه‌كانی ژنان بكهنو له ئاستی خۆجێیی، نهتهوهییو ناوچه‌ییدا یارمه‌تییان بده‌ن.
غ- رێكخراوه ناوچه‌ییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه تێیاندا ئه‌ندامن هان بده‌ن، ئه‌گه‌ر بۆیان ده‌گونجێ له‌نێوبردنی توندوتیژی دژی ژنان بخه‌نه نێو به‌رنامه‌ی خۆیان.
مادده‌ی 5:
ئۆرگانهكانو نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌بێ ئه‌وه‌نده‌ی له توانایان دایه، یارمه‌تیی ناساندن‌و هێنانه‌دیی ئه‌و ماف‌و بنه‌مایانه بده‌ن كه له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا هاتوون. بۆ نموونه ده‌بێ:
ئهلف- یاره‌مه‌تی به گه‌شه‌كردنی ئه‌و هاوكارییه نێونه‌ته‌وه‌یی‌و ناوچه‌یییانه بكه‌ن كه ئامانجیان پێناسه‌كردنی ستراتیژییه ناوچه‌ییه‌كان بۆ به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ توندوتیژی، گوازتنه‌وه‌ی ئهزموونهكانو، به‌رنامه ماڵییه‌كانی تایبه‌ت به نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنانه.
ب- هانده‌ری ئه‌و كۆبوونه‌وه‌و سمینارانه بن كه ئامانجیان پێكهێنان‌و گه‌شه‌پێدانی ئاگایی نێوان هه‌موو تاكه‌كان هه‌مبه‌ر به
تاكه‌كان هه‌مبه‌ر به پرسی له‌نێوبردنی توندوتیژی دژی ژنانه.
پ- یارمه‌تیی گه‌شه‌پێدانی هاوهه‌نگاوی‌و هاوبه‌شیی نێوان بنیات‌و ناوه‌نده‌كانی تایبه‌ت به مافی مرۆڤی سه‌ر به رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بكه‌ن تا پرسی توندوتیژی دژی ژنان به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر بكه‌وێته به‌ر سه‌رنج.
ت- له‌و لێكدانه‌وانه‌دا كه بۆ دامه‌زراوو ناوه‌نده‌كانی سه‌ر به رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ی كێشه‌و گرفت‌و دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئاماده‌ی ده‌كه‌ن، وه‌ك راپۆرته ناوبه‌ناوه (ده‌وره‌ییه) كان له باره‌ی هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تیی جیهان، توێژینه‌وه له‌باره‌ی مهیلو بۆچوونه‌كان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ توندوتیژی دژ به ژنانیشدا بگونجێنن.
ج- فۆرمۆله‌كردنی پلانكاری یان نامیلكه‌كانی رێنوێنی له‌باره‌ی توندوتیژی دژی ژنان، بره‌و پێ بدهنو، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا ئاماژه‌یان پێ كراوه، بگونجێنن.
چ- پرسی نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، ئه‌گه‌ر ده‌گونجێ، ببه‌ستنه‌وه به جێبه‌جێكردنی به‌رپرسیاره‌تییه‌كانی خۆیان له به‌ڕێوه‌بردنی به‌ڵگه‌نامه‌كانی تایبه‌ت به مافه‌كانی مرۆڤدا.
مادده‌ی 6:
هیچ شتێك له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا نابێ هیچ یه‌ك له مادده‌كانی قانوونی وڵاتێك یان هه‌ر رێككهوتنو په‌یماننامه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی یان هه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی دیكه كه له وڵاتێك جێبه‌جێ ده‌كرێ‌و بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنان روونترو بهبڕشتترن، بخاته ژێر كاریگه‌ریی خۆی.
په‌راوێزه‌كان:
بڕیارنامه‌ی (217 AIII)
بڕوانه بڕیارنامه‌ی AXXI2200، هاوپێچ
بڕوانه بڕیارنامه‌ی 34/180، هاوپێچ
بڕیارنامه‌ی 39/46، هاوپێچ
راپۆرتی كۆنفرانسی جیهانی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌سكه‌وته‌كانی ده‌یه‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژنان: یه‌كسانی، پێشكه‌وتن‌و ئاشتی، نایرووبی، 26- 15ی ژوئیه‌ی 1985 (له بڵاوكرداوهكانی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ژماره‌ی E. 85. IV.10) فه‌سڵی I، به‌شی A
به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ، مادده‌ی سێهه‌م، رێككه‌وتننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه مهدهنیو سیاسییه‌كان، مادده‌ی 6.
په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه مهدهنیو سیاسییه‌كان، مادده‌ی 26.
به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ، مادده‌ی 3و، په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه مهدهنیو سیاسییه‌كان، مادده‌ی 9.
په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه ئابووری، كۆمه‌لایه‌تی‌و كولتوورییه‌كان، مادده‌ی 12.
به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ، مادده‌ی 23و، په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كولتوورییه‌كان، مادده‌كانی 6و 7.
به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ، مادده‌ی 5، په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه مهدهنیو سیاسییه‌كان، مادده‌ی 7و، رێككه‌وتننامه‌ی دژی ئه‌شكه‌نجه، ره‌فتار یان سزای توند، نامرۆیی‌و پڕ سووكایه‌تی.
وه‌رگێران له فارسییه‌وه:قادر وریا