چاونیوز: بە تەقە کردن لە دوو کۆڵبەری ناوچەی نەوسوود، چوار کۆڵبەر لە حەوتوویەکدا بریندار بوون.
بەپێێ هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ڕۆژی شەممە ١٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٩، هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود تەقە لە کۆڵبەران دەکەن کە لە ئاکام دا دوو کۆڵبەر بریندار دەبن.
یەکێک لەو کۆڵبەرە بریندارانە ناوی ڕزگار حوسێنی خەڵکی ئاوایی بلەبزانی پاوە ڕاگەیەندراوە و جارێک دیار نییە کۆڵبەرە بریندارەکەی دیکە کە دەگوترێ خەڵکی دەڤەری سەلاسی باوەجانیە ناوی چییە.
ئەو دوو کۆڵبەرە ئێستا لە نەخۆشخانەی شاری پاوە لەژێر چاودێری پزیشکی دان.
بە بریندار بوونی ئەو دوو کۆڵبەرە لە حەوتوویەک دا ئەوە چوارەمین کۆڵبەرە کە بەتەقینەوەی مین و تەقە کردنی هێزەکانی ئێرانی سەر سنوور بریندار دەبن.