چاونیوز: دوو هاونیشتمانی خەڵکی دەڤەری ورمێ لە کاتی سەفەر بۆ پارێزگای لوڕستان دەدرێنە بەر دەسڕێژی گولـلە و بریندار دەبن.
بەپێی هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، دوو هاونیشتمانی بە ناوەکانی “نیهاد حەبیبی” کوڕی سەلیم و “مێهران عەزیزی” خەڵکی ئاوایی “ڕاژان”ـی ناوچەی مەرگەوەری ورمێ لە لایەن هێزەکانی ئینتزامی لە خوڕەماوا درانە بەر دەسڕێژی گوللـە و بریندار بوون و گوازراونەتەوە بۆ زیندانی ئەو شارە.
لەم بارەیەوە سەرچاوەیەک بە “چاونیوز”ـی ڕاگەیاند: ئەو هێزانە بە بیانووی پێبوونی باری قاچاخ ماشێنی ئەم دوو کەسەیان داوەتە بەر فیشەکی ڕاستەوخۆ و ئانقەست و بریندار بوونە.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: ئەو دوو هاونیشتیمانییە بۆ فرۆشتنی سێوی باغەکەیان ڕوویان کردووەتە ئەو شارە کە لە ورمێ بۆیان نەفرۆشراوە و لە کاتی گەڕانەوەدا کە تەنانەت بارە سێوەکەشیان پێنەبووە دراونەتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی ئینتزامی، بەتەنیا بەو پاساوی ئەوەیکە پلاکی ماشینی سایپایەکەیان هی کوردستان(ورمێ) بووە!