چاونیوز: میتی تورکیە عەبدوڵا بۆزۆرگ زادە چالاکی بەلووچی دەسبەسەر کردووە و مەترسی ڕادەستکردنەوەی بە رێژیمی ئێران هەیە.
بە پێی هەواڵێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەر ناوبراو بڵاو بۆتەوە، ناوبراو لە لایەن میتی تورکیەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەرکراوە و داوای هاوکاری لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکا و دەڵێ بە بێ هیچ هۆکارێک لە لایەن میتی تورکیەوە دەسبەسەر کراوم و ئەگەری زۆری هەیە کە ڕادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکرێمەوە .
شایانی باسە کە عەبدوڵا بۆزۆرگزادە چالاکی مەدەنیی بەلووچ پاش ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەسدرێژی کردنی هێزەکانی ئیتلاعاتی ئیرانشەهر بۆسەر ٤١ کچی بەلووچ، لە لایەن دادگای ڕێژیمەوە بە ١١ ساڵ زیندان حوکم درا و پاشان بە دانانی بارمتە بۆ ماوەی کاتی ئازادکرا و خۆی گەیاندە وڵاتی تورکیە و ئێستاش لەوی مەترسیی دیپۆرت کردنەوەی لەسەرە.
جێگای ئاماژەیە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە جێگای دەسبەسەرکردنی دەسدرێژیکەران بۆسەر کچانی بەلووچ، ئەوانەیان دەسبەسەرکرد کە ناڕەزایەتییان بەو جینایەتە دەربڕی بۆ ئەوەی خیانەت و گەندەڵییەکانی خۆیانی پێداپۆشن.