چاونیوز: لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لانیکەم ٣٢ بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا ئێعدام کراون.
بەپێی ناوەندی ئاماری “چاونیوز”(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان) لەو یەک مانگ و نیوەی وەرزی پاییزا ٤ زیندانیی کورد ئێعدام کراون. “چاونیوز” ڕایگەیاندووە کە ئەم ٤ کەسە بە تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و کوشتنی بەئانقەست لەدار دراون.
ئێعدامکرانی ئەو ٤ بەندکراوە لەو ماوەیە لە حاڵێک دایە کە دەزگای قەزایی ڕێژیم لە شەش مانگی هاوین و بەهاری ئەمسالیشدا ٢٨ بەندکراوی کوردی لەدار دابوو، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئیستا ئێعدام کراون لانیکەم ٣٢ کەس بووە.
ئاماری ئێعدامەکان لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ١٣٩٩یشدا لانیکەم ٤٩ کەس بووە کە چوار کەس لەوان بەندیی سیاسی بوون.