لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، دو برای خەڵکی گەڕەکی جافرئاوای کرماشان، کوژراو و بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، ڕۆژی شەممە، ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، ڕەسووڵ کەدیوەریان یەکێک لە بەشداربووانی دوایین ناڕەزایەتییەکانی ئێران، لە جافرئاوای کرماشان، بە تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لە دەست دا و ڕەزا کەدیوەریان برای ناوبراویش بە توندی برینداربوو.
هەر بەپێی ئەم هەواڵە، هەتا ئێستە تەرمی ڕەسووڵ کەدیوەریان ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە و بارودۆخی تەندروستیی ڕەزا کەدیوەریانیش ناجێگرە و لە دۆخی بێهۆشی و کۆمادا بەسەر دەبات.
هەروەها لەم پێوەندییەدا، ڕەزا قەنبری، تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی جافرئاوای کرماشان، ڕۆژی شەممە، ١٣ی بەفرانبار، بە تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لە دەست دا.
بە وتەی شایتحاڵان، وێڕای ئەوەی کە هەتا ئێستە تەرمی ڕەزا قەنبری، ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە، گوشار خراوەتە سەریان کە وەکوو ئەندامی بەسیج بناسێنن، بەڵام بنەماڵەی قەنبری خۆیان لەم کارە بواردووە.





