چاونیوز: هاووڵاتییەک سەربە پەلکەزێڕینەکان بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست داوە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی شەممە، ٩ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە و سەر بە پەلکەزێڕینەکان بە ناوی “میلاد نیلی”، بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست داوە.
ئەگەرچی شێوازی گیانلەدەستدانی ئەم هاووڵاتییە گومانی لە سەرە، بەڵام هێندێ گومان هەیە کە باس لە کوشتنی لەلایەن ڕەوتە توندئاژۆوە ئیسلامییەکان دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کەسە تەنیا بە هۆی ئەوەی سەربە پەلکەزێڕینەکانە کوژراوە.
کوشتنی ئەم کەسە لە حاڵێکدایە کە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، کەسانی سەربە پەلکەزێڕینەکان لەلایەن ڕەوتە توندئاژۆوەکانی کۆمەڵگاوە ئازاری دەروونی و جەستەیی دەدرێن و لەلایەن حکوومەتی ئێرانیشەوە هیچ یاسایەک بۆ پێشگرتن بە تەندوتیژیی بەرانبەر بەم کەسانە دیاری نەکراوە.
شایانی باسە هەتا ئێستە هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکار و چۆنیەتیی گیانلەدەستدانی ئەم هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و لە ئەگەری بەدەستهێنانی زانیاریی باوەڕپێکراو لەلایەن چاونیوزەوە بڵاو دەکرێتەوە.





