چاونیوز: کاسبکارێکی کورد کە چەند شەو پێش بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی گوللـە وەبەر سەری کەوتبوو، گیانی لە دەست دا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، لاوێکی کاسبکار بەناوی “قازی کاوانی”، خەڵکی گوندی دۆڵەتوو، کە چەند شەو پێش لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە “سنووری جاسووسان” تەقەی لێ کرا و لە ئەنجامی ئەو تەقە ڕاستەوخۆیە گوللـە وەبەر سەری کەوت، شەوی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردان بە هۆی قووڵیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی مەهاباد، گیانی لە دەست دا.
هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەر سنوور بە پشتبەستن بە بڕیاری ناوەندە قەزایی و ئەمنییەتییەکانەوە، بە بیانووی هاوردەکردنی کەلوپەلی قاچاخ، بەبێ دەستپاراستن و بە تەقەی ڕاستەوخۆ ساڵانە ڕێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان و کاسبکارانی کوردستان کە تەنیا سەرچاوەی داهاتیان کۆڵبەرییە، دەکوژن و بریندار دەکەن.





