چاونیوز: بەپێی ئەو هەواڵانەی بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتوون، ناسنامەی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستدراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە، بە ناوی “محەممەدمەتین باقری”، ١٦ ساڵە، کە لە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە بازاڕی ئەملاکی کرماشان، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گیانی لەدەست دا، ئاشکرا بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێییەکان، ئەم مێرمنداڵە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا و لە کاتێکدا دروشمی “مەرگ بۆ خامنەییـ”ـی دەگوتەوە، لەلایەن مەئمورێکی نهێنی تەقەی لێ کرا؛ سەرباری خوێنبەربوونی توند، دەسبەسەر کرا و بە کامیۆنێکی هەڵگری دەسبەسەرکراوان گوازرایەوە.
چەند کاتژمێرێک دواتر، بەپێی شایەتیی ئەو دەستبەسەرکراوانەی لەگەڵیدا بوون، مەئمورەکان تەرمی ئەو کوڕەیان لە نێو ڕێگەدا فڕێ داوە.





