چاونیوز: لە ڕەوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران، پێنج هاووڵاتیی کوردستانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری “چناران،”ی سەر بە پارێزگای خۆراسان، گینیان لەدەست داوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ناوەندی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – “خۆڕاگری”، کە ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی بڵاو کراوەتەوە، هێزەکانی ئێران لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، ١٧ و ١٨ی بەفرانبار، بە بەکارهێنانی چەکی کڵاشینکۆف، لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری چناران بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و لە ئاکامی ئەم تەقەکردنەدا، چوار هاووڵاتیی کوردستانی بە ناوەکانی “مەهدی وەلیدۆست” و “مورتەزا جیهانبەخش” خەڵکی گوندی غەزەلکەن، “ڕوحەڵڵا ستارەمووشتەری”، خەڵکی گوندی قیاساوا و “محەممەدڕەزا گرووهی”، لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەست داوە.
هەروهامەهدی وەلیدۆست، کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بەسەختی بریندار بوو و چووبووە کۆماوە، ڕۆژی دواتر، واتە پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانبار، بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست داوە. سەرەڕای ئەمەش، هەواڵی گیانبەختکردنی هاووڵاتییەکی دیکەش بڵاو کراوەتەوە کە ناسنامەکەی تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە بەفەرمی ڕانەگەیەندراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵیان داوە تەرمی ڕۆحەڵڵا ستارەمووشتەری، لە شەودا و بە نهێنی ئەسپەردەی خاکی بکەن، بەڵام بەهۆی وریایی و ڕێگریی خەڵکی ناوچەکە، ئەم پیلانەیان بۆ نەچووەتە سەر.
شایانی باسە، سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر ئەم ڕووداوەدا، تاکوو کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، تەرمی هیچ کام لەم پێنج هاووڵاتییە گیانبەختکردووە ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە؛ ئەمەش نیگەرانی و ناڕەزایەتیی توندی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی لێ کەوتووەتەوە.
ماڵپەڕی “خۆڕاگری” ئەم ڕووداوەی وەک نموونەیەکی ئاشکرا لە “بەکارهێنانی کوشندەی هێز دژی هاووڵاتییانی بێچەک” ئاماژە پێ کردووە و داوای وەڵامدەربوونی بکەران و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ سەبارەت بەم کوشتنە بەکۆمەڵەی خەڵک لەلایەن ئێرانەوە کردووە.





