چاونیوز: هێزە ئەمنییەتییەکان بنەماڵەی چالاکێکی سیاسییان خستووەتە ژێر گوشار و تەنگەژەی ئەمنییەتییەوە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئیتلاعاتی جێگیر لە شاری شنۆ، چەندین جار “خەڵیل عەینی”، خەڵکی گوندی “سینگان” سەربە شاری شنۆ، باوکی “سدیق عەینی” چالاکی سیاسییان بانگهیشت کردووە و دوای لێپێچینەوە و ئازاری ڕۆحی و دەروونی پێیان ڕاگەیاندووە کە دەبێت پێش بە چالاکیی سیاسیی کوڕەکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بگرن و واز لە ئەندامەتیی حیزبی دێموکرات بهێنێت.
هەروەها چەندین جاریش داوایان لە دایکی ئەم چالاکە سیاسییە کردووە کە بڕوات بۆ ئیتلاعات و بە تەلەفۆن پێیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر کوڕەکەتان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەر پۆستێک بە دژی کۆماری ئیسلامی دابنێت، ئێوە باجەکەی دەدەن.





