چاونیوز: هاووڵاتییەکیی خەڵکی سنە، پاش سێ هەفتە ڕاگرتن لە گرتنگەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گوازرایەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاو بوونەتەوە، جەبار ئازەرهۆمایوون، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ حەوتوو لە دەستبەسەرکردنی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستراوەتەوە.
ناوبراو کە بەڕێوەبەری شیرینیفرۆشی “ئاسێف” لە شاری سنەیە، ڕۆژی شەممە ١٢ی خەرمانان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئەم ناوەندە گوازرابووەوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە ناوەندە ئەمنییەکان، ئەم کەسەیان بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت” تۆمەتبار کردووە.
شایانی باسە، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا ، لە هەموو مافە سەرەتایییەکانی خۆی، لەوانە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.





