فریاد قادری، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی ئاوایی کولیج سەر بە سەوڵاوا، لە بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە، گوازراوەتەوە و هەروا لە مافی مەرەخەسی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەشە.
بەپێی ڕاپۆرتی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، ڕۆژی دووشەممە ۲٨ی ڕەزبەری ۱٤۰٤، فریاد قادری، کە ۱ ساڵ و ۷ مانگ لەمەوبەر بۆ تێپەڕاندنی سزای ۵ ساڵ بەندکرانەکەی دەسبەسەر کرابوو و لەو ماوەیەدا لەلایەن سپای پاسداڕانەوە لە مافی مەرەخەسی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرایەوە.
فریاد قادری ساڵی ۱٤۰۱، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سنە، بە تۆمەتی “هاوکاری و ئەندامبوون لە پژاک” بە ۵ ساڵ بەندکران سزا درابوو.
ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ۲۰ی ڕەشەمەی ۱٤۰۲ پاش بانگکرانی بۆ لقی یەکی دادگای سنە، دەسبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانە کرا.





