ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی جۆزەردان، “کەریم ئەسغەری”، هاوسەری خوشکی “وریشە مورادی”، بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی گوت: هێزە ئەمنییەکان بەبێ حوکمی دادوەر، هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری کەریم ئەسغەری لە شاری شوێشە (سەر بە سنە) و بە شێوەیەکی توندوتیژ دەسبەسەریان کردووە.
ئەم سەرچاوەیە زیادیشی کرد: لە ڕەوتی دەسبەسەرکردنی ناوبراو، “مێهرانە مورادی” خوشکی وریشەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی دەسبەسەرکردنی لێ کراوە.
کەریم ئەسغەری و مێهرانە مورادی، پاییزی ١٣٩٧یش لەلایەن هێزەکانی سپاوە دەسبەسەر و دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.
وریشە مورادی (جوانا سنە)، چالاکی کورد، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢، لە دەوروبەری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و دوای دوو هەفتە لێپرسینەوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی دانپێدانانی زۆرملێ، کۆتاییەکانی گەلاوێژی ١٤٠٢، ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین کرا. ئەم چالاکە دوای ٥ مانگ هێشتنەوە لە ژووری تاکەکەسی، ڕێکەوتی ٥ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.
ناوبراو لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر “ئەبوولقاسم سەڵواتی”، بە تۆمەتی “بەغی”، بە سێدارە حوکم دراوە.