چاونیوز: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئومید ساعێدی، تەمەن ٣٩ ساڵ، خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران، ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە گەڕەکی تارانپارسی تاران، بە تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەست دا.
ناوبراو بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین، لەگەڵ پووریا ساعێدی برای ناوبراو، تەمەن ٣٤ ساڵ، چووبووە سەر شەقام. دوای کوژرانی ئومید، پووریا لە کاتێکدا کە لەسەر تەرمی براکەی بوو، کرایە ئامانجی چەندین گولـلەی ساچمەیی.
پووریا کە بە سەختی بریندار ببوو، پاشان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا.
شایانی باسە، هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دوای ئەم تاوانە، بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئومید، داوای بڕی ٧٠٠ میلیۆن تمەنیان لە بنەماڵەکەی کردووە. سەرەڕای ئەمەش و وێڕای گوشاری قورسی دارایی، هیچ زانیارییەکی ڕوون سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتنی پووریا ساعێدی بە بنەماڵەکەی نەدراوە و ئەوان هێشتا لە دۆخ و شوێنی دەسبەسەرکرانی ناوبراودا هیچ زانیارییەکیان نییە.
کوژرانی ئومید ساعێدی و دەسبەسەرکردنی پووریای برای، نموونەیەکی بەرچاوە لە سەرکوتی پڕ لە توندوتیژی دژی ناڕازییان و گوشار خستنەسەری بنەماڵە داخدارەکان کە بە داواکردنی پارە بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی شەهیدان و شاردنەوەی چارەنووسی دەسبەسەرکراوە بریندارەکان، بە شێوەیەکی ئاشکرا بووەتە هۆی ئەشکەنجەی ڕۆحی بنەماڵەکان.





