چاونیوز: لاوێکی ئیلامی پاش چەند هەفتە لە برینداربوونی بە هۆی بەرکەوتنی چەند گولـلەیەک گیانی لە دەست دا.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی ٢٩ی خەرمانان، پاش سێ هەفتە، لاوێکی خەڵکی ئیلام، بە ناوی “شێرزاد (بێهرووز) قاسمی” کە لە ڕۆژی ٦ی خەرمانان، لە دیوی نووستنی خۆی بە چەند گولـلەیەک بریندار کرابوو، بە هۆی سەختیی برینەکانییەوە و پاش سێ هەفتە لە کۆمادا بوون، لە نەخۆشخانەی ئەو شارە گیانی لە دەست دا.
لەسەر مەرگ و چۆنیەتیی برینداربوونی ئەم لاوە ئیلامییە چەند گێڕانەوەیەک هەیە، یەکیان ئەوەی کە “نەریمان قاسمی” باوکی ئەم کەسە پاش ڕووداوەکە خۆی بە بنکەی پۆلیس ناساندووە و کوشتنی کوڕەکەی بە ئەستۆ گرتووە، بەڵام خزم و نزیکەکانیان دەڵێن: “شێرزاد (بێهرووز)، لەلایەن زڕبرا و زڕخۆشکەکانییەوە وەبەر گولـلە دراوە و باوکی تەنیا لە بەر ئەوەی منداڵەکانی دیکەی پارێزراو بن و بەرەوڕووی سزای یاسایی و لێپێچینەوە نەبن، ئەم تاوانەی وە ئەستۆ گرتووە”.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ناوەندە پێوەندیدارەکان، هیچ زانیاری و شیکاریی وردیان بڵاو نەکردووەتەوە.





