چاونیوز: هێزە ئیتلاعاتی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی کوردستاندا، گیانی ژمارەیەکی زۆر لە مێرمنداڵان و لاوانی کوردیان ئەستاندووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران گەیشتوون، ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، کچێکی ١٦ ساڵە، بە ناسنامەی “ئەسرا تاووسینیا”، خەڵکی گوندی “دەشت بوڵاغـ”ـی سەر بە شاری سونقوڕوکوڵیایی، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە تاران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، بە سەختی بریندار بوو و دوای دوو حەوتە تەحەمولی برینی سەخت و سنوورداربوونی ئیمکاناتی پزیشکی، ڕۆژی ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، گیانی لەدەست دا.
ئەسرا تاووسینیا، بە چەکی ساچمەیی و لە بەشی سک و ئەندامی زاوزێوە کرابووە ئامانج و بەهۆی خوێنبەربوونی زۆرەوە، زیاتر لە دوو حەوتە بەشێوەی نهێنی و لەلایەن پزیشکانی خۆبەخشەوە لەژێر چارەسەریدا بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەهۆی کەشی توندی ئەمنییەتی، دەسبەسەرکردن و گیانلەدەستدانی خۆپیشاندەران لە ناوەندە دەرمانییەکاندا، بنەماڵەکەی دەرفەتی گواستنەوەی کچەکەیان بۆ نەخۆشخانە و وەرگرتنی خزمەتگوزارییە پزیشکییە فەرمییەکانیان نەبووە.





