چاونیوز: لە درێژەی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، لانیکەم چوار هاووڵاتیی کوردستان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گولـلەی شەڕی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی بەندکراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ـ خۆڕاگری، ڕۆژی ٢٣ی بەفرانبار، چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی”هولاکۆ ئەیوانی”، وەرزشکار و خەڵکی شاباد، “دیار پوورچریق” و خەڵکی سەڵماس، لە شاری تاران زە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران کوژراون.
هەر هەمان ڕۆژ، “موبین فەیلی”، ٢١ ساڵ و خەڵکی زرنە لە شاری ئەیوان و هەروەها “یاسین میرزایی”، خەڵکی کرماشان و لە گەڕەکی دەرەدرێژ، لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا تەقەیان لێ کراوە و گیانیان بەخت کردووە.
جێی ئاماژەیە کوژرانی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە، نموونەیەکی دیکەیە لە کردەوە دژەمرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی؛ کردەوەیەک کە لەگەڵ بەکارهێنانی گولـلەی شەڕ دژی هاووڵاتییانی بێچەک، گوشار خستنەسەر بنەماڵەی قوربانییان و بەرتەسککردنەوەی ڕێوڕەسمەکانی سەرەخۆشی هاوڕێ بووە.
ئەم کردەوانە، لە ڕوانگەی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤەوە، نموونەی پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژیان و ئازادیی گردبوونەوە ئاشتیخوازانەکانە و جارێکی دیکە پێویستیی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و لێپرسینەوە لە بکەران و فەرماندەرانی ئەم کوشتارانە بەرجەستە دەکاتەوە.





