چاونیوز: لە درێژەی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، لانیکەم چوار هاووڵاتیی کوردستان، لە پارێزگاکانی کرماشان و خۆراسانی ڕەزەوی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گولـلەی جەنگیی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران.
بەپێی ڕاپۆرت و ئەو ڤیدئۆیانەی بە دەستی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم کەسانە لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا و بەبێ ئەوەی چەکدار بن، تەقەیان لێ کراوە.
لە پارێزگای کرماشان، “نەوید ساڵحی” و “بەیات سوبحانی”، دوو هاووڵاتیی خەڵکی پاوە و دانیشتووی کرماشان، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ناوچەی دەرەدرێژ بە تەقەی ڕاستەوخۆی گولـلە گیانیان لەدەست دا.
سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە، کە پێشتریش لانیکەم پێنج هاووڵاتیی دیکە، لەم ناڕەزایەتییانەدا کوژراون؛ بابەتێک کە ئاماژەیە بۆ چڕبوونەوەی سەرکوت و ئەگەری پەردەپۆشکردنی لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکان.
هاوکات لە شاری چناران، سەر بە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، دوو گەنجی کورد بە ناوەکانی “ڕۆحوڵڵا ستارەموشتەری” و “مورتەزا جەهانبەخش”، بە بەرکەوتنی گولـلەی جەنگی لە سەریان گیانیان لەدەست دا.
جێی ئاماژەیە کوژرانی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە، نموونەیەکی دیکەیە لە کردەوە دژەمرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی؛ کردەوەیەک کە لەگەڵ بەکارهێنانی گولـلەی جەنگی دژی هاووڵاتییانی بێچەک، گوشار خستنەسەر بنەماڵەی قوربانییان و بەرتەسککردنەوەی ڕێوڕەسمەکانی سەرەخۆشی هاوڕێ بووە.
ئەم کردەوانە، لە ڕوانگەی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤەوە، نموونەی پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژیان و ئازادیی گردبوونەوە ئاشتیخوازانەکانە و جارێکی دیکە پێویستیی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و لێپرسینەوە لە بکەران و فەرماندەرانی ئەم کوشتارانە بەرجەستە دەکاتەوە.





