میلاد کەرەمی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە بە تەقەی ڕاستەخۆی هێزه ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەروازەی شاری تیکاب کوژرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ میلاد کەرەمی، تەمەن ٣٩ ساڵ، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی شاری سنە بە تەقەی ڕاستەخۆی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەروازەی شاری تیکاب کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزانە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی ناوبراو و کرد و لە ئاکامدا گیانی لە دەستدا و کەسێکی تر بە ناوی موختار گودەرزی بریندار و دەسبەسەر کراوە.
شایانی باسە، ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، دوو برای کورد خەڵکی شاری خۆی بە ناوەکانی خالیس پەرویزی و یووسف پەرویزی لە سنووری کۆتۆل (قطور) لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا گولـلەباران کران و دەستبەجێ گیانیان لە دەستدا.





