چاونیوز: لاوێکی یارسانی بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری کەرەج، گیانی لە دەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە دەستی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، هاوکات لەگەڵ دەسپێکردنی خۆپیشاندانە سەراسەرییەکانی مانگی بەفرانبار، “سید میلاد حوسێنی”، کوڕی “سید ئەسفەندیار” و یەکێک لە شوێنکەوتووانی ئایینی یارسان، خەڵکی گوندی «زەردە بابایادگار» سەربە داڵاهوو لە پارێزگای کرماشان، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی کەرەج، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆ بە گولـلەی جەنگی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە گیانی لە دەست دا.
ئەم هاووڵاتییە لە کاتێکدا لێ دراوە کە بەپێی وتەی شایەتحاڵان، هیچ جۆرە هەڕەشەیەک بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان نەبووە، هەروەها لە نزیکەوە و بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقەی لێ کراوە.





