چاونیوز: بەندکراوێکی سیاسی کە زیاتر لە ٢ مانگ لەژێر ئەشکەنجەدا بوو، پاش ئازادبوونیشی لەژێر کونتڕۆڵی چڕدایە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، ئومید چراغی، تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی داڵاهۆی کرماشان و بەندکراوی سیاسی کە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ٧٠ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعات دەسبەسەر کرابوو، پاش ئازادبوونی لە ڕێگای پێبەندی ئەلکترۆنیکییەوە لەژێر چاوەدێری و کونتڕۆڵی چڕدایە.
بەپێی وتەی شایەتحاڵان، ئەم بەندکراوە سیاسییە کە بەهۆی ئەشکەنجەی جەستەیییەوە لە ماوەی دەسبەسەریدا پێویستی بە پێڕاگەیشتنی پزیشکییە بەهۆی پێبەندە ئەلکترۆنیکییەکەوە ناتوانێت سەردانی پزیشکی شارەزا بکات و بەم بۆنەوە ئازاری شوێنی ئەشکەنجەکانی زیاتر گوشاری بۆ هێناوە.
دەسبەسەرکردنی بێبنەما، ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی و کونتڕۆڵی پاش ئازادبوونی بەندکراوان لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆیی لە قەڵەم دەدرێت کە ناوەندە ئەمنییەتی و قەزایییەکانی کۆماری ئیسلامی بەبێ گوێدان بە پرنسیبەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤ ئەم خاڵانە پێشێل دەکەن.





