دوای نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەز ١٤٠٤، ئومید باقری ٣٧ساڵ وێنەگر، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێز خەڵکی شاباد سەربە پارێزگای کرماشان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەسبەسەر و بۆ شوێنکی نادیار گوازراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو هاووڵاتییە لە ڕێگای نێوان کرماشان ـ پاوە بێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەسبەسەر کراوە.
ئومید باقری پێشتریش بە هۆی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی نەورۆزیی ١٤٠٤دا و وێنەگرتن لە ڕێوڕەسمی نەورۆزدا دەسبەسەر کرابوو و بە تۆمەتی “تەبلیغ بەدژی نیزام” دۆسیەی ئەمنیەتیان بۆ دروست کرابوو.
ناوبراو بە یەکێک لە چالاکڤانە خۆشناوەکانی پارێزگای کرماشان ناسراوە و چالاکیی بەردەوامی لە بەشی وێنەگری لە کاری مەدەنی و ژینگەپارێزیدا هەبووە.
تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی دراونە پاڵ ناوبراو لەبەر دەستدا نییه.





