شیدا عەزیزی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران کە لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا دەسبەسەر بوو، بە بڕیاری لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە سزای ٣ ساڵ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرا.
ناوبراو لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیلدا دەست
بەسەر کرابوو.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی گەیشتووەتە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ئەو هاووڵاتییەی بە تۆمەتی “هەنگاونان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی”یەوە، سزا دراوە.
شیدا عەزیزی دوای دەسبەسەرکردنی لە کامێران، بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی سنە گوازرایەوە، کە لەلایەن میدیا حکوومەتییەکانەوە بە «ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە» ناودەبرێت.
جێگەی ئاماژەیە، ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بێبەش بووە.





