دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی “ڕامین محەممەدی” تەمەن ٣٢ ساڵ و “محەممەد دەشتی” تەمەن ٣٣ ساڵ، خەڵکی گوندی «ئەلەک» سەر بە کامێران، هێشتا دەسبەسەرن و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگرتن یان دۆخیانەوە بەردەست نییە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی بە چاونیوز گەیشتووە، ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەسبەسەرکرانیانەوە تا ئێستا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون. سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان هیچ وەڵامێکیان لەبارەی دۆخ و چارەنووسی ئەم دوو دەسبەسەرکراوەوە نەداوەتەوە.
بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ هیچ فەرمانێکی دادوەری و بە شێوازێکی توندوتیژانە ئەم دوو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.
پاش تێپەڕبوونی ١٥ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانیاندا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکردن یان ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم دوو هاووڵاتییە، لەبەر دەستدا نییە.





