دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی “ئیسماعیل سەیدمەحموودیان” و “شۆڕش سەرڕووتی”، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەو شارەدا دەسبەسەر کران.
بە دەسبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە، ژمارەی دەسبەسەرکراوان لە شنۆ لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتووەتە چوار کەس.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتووە، کاتژمێر سێی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤، شۆڕش سەرڕووتی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی “نێلیوان”ی سەر بە شنۆ، بە هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا بۆ سەر ماڵەکەی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە چاونیوزی ڕاگەیاند کە دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە هاوکات بووە لەگەڵ توندوتیژی و شکاندنی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەی.
هەروەها ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤، سەید ئیسماعیل سەیدمەحموودیان، تەمەن ٤٥ ساڵ، خێزاندار و باوکی سێ منداڵ و کارمەندی جیهادی کشتوکاڵی، خەڵکی شنۆ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەو شارەدا دەسبەسەر کرا.
سەید ئیسماعیل سەیدمەحموودیان لە پارکی ساحیلیی شنۆ، لەبەرچاوی بنەماڵەکەی، بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەسبەسەر کراوە.
جێگەی ئاماژەیە کە ئەم هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکرانی بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازراوەتەوە.
چاونیوز پێشتر ڕایگەیاندبوو کە “شەهرام نەجاری” و “شوانە ئیبراهیمی”یش، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری شنۆ دەسبەسەر کراون.





