“مای ساتۆ”، ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لەمەڕ لەسێدارەدان و ناشتنی نهێنیی “حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو”، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی چاڵدران، هەڵوێستی گرت و بە پێشێلکاریی ئاشکرای مافی مرۆڤی ناو برد.
بە گوتەی “مای ساتۆ”، پرۆسەی دادگاییکردنی “حەمید”، لەگەڵ پێشێلکاریی توندی بنەماکانی دادڕەسیی دادپەروەرانە بووە و ئیدیعای جیددی لەبارەی وەرگرتنی دانپێدانان لەژێر ئەشکەنجەدا، ڕەوایی حوکمەکە بەتوندی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە لەسێدارەدان بەهۆی چالاکیی سیاسی، لەگەڵ بەڵێنەکانی ئێران لە بواری مافی مرۆڤ، بەتایبەتی پەیمانی نێودەوڵەتیی مافی مەدەنی و سیاسی، دژایەتیی هەیە.
هەروەها وێڕای بەدواداچوونی بەردەوام، بەرپرسانی ئەمنیی ڕێژیم لە ڕادەستکردنی تەرم و ڕاگەیاندنی شوێنی ناشتنی حەمید، خۆ دەبوێرن، کە ئەم هەوڵانە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و نیشانەی سزادانی توند و ستەمکارانەیە.
“ساتۆ”، ئەم ڕەفتارە بە “پێشێلکردنی توندی مافی مرۆڤ” دەزانێت و گوتوویەتی: “خۆبواردن لە ڕادەستکردنی تەرم و نهێنیکاری لەبارەی شوێنی ناشتنی، نەتەنیا مافی بنەماڵەکەی بۆ زانینی ڕاستی و تازیەباری بەپێی نەریتی ئایینی و فەرهەنگییان پێشێل دەکات، بەڵکوو جۆرێک سزادانی ستەمکارانەیە، کە ڕەنجی بنەماڵەکەی دووهێندە دەکات.”
شەوی دووشەممە یەکی بانەمەڕ، هەواڵدەریی فارس، سەر بە سپای پاسداران، هەواڵی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی “حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو”ی بەبێ ئاماژەدان بە شوێن و ڕێکەوتی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانەکە، ڕاگەیاند.
ئەم هاونیشتمانییە کوردە، ڕێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، لە سنووری چاڵدران دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا و ماوەی زیاتر لە ١٠ مانگ، بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، سەبارەت بە بەشداری لە تێهەڵچوونی چەکداری، لەژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحیدا بوو و ناچار بە واژۆکردنی بەڵگەی دانپێدانانی بەناچاری کرا.
دادگای شۆڕشی ورمێ، بە فەرمانی وەزارەتی ئیتلاعات، گشت داکۆکیکردن و دێکیۆمێنتەکانی ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردەی ڕەت کردەوە و ناوبراوی بە سێدارە حوکم دا.





