چاونیوز: پاش سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران، کە شارەکانی کوردستانیشی گرتەوە، ڕێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کوردستان دەسبەسەر کراون و چارەنووسی بەشێکیان هەروا ناڕوونە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە نیوەشەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا، لە شاری گیەڵان، گوندی گوڕسفید “ڕەزا هەمەخانی” لەلایەنی هێزە ئەمنی و لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم ڕفێندراوە
ڕەزا همەخانی، ٣٥ ساڵە، لەماڵەکەی خۆی بە زۆرەملێ و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر لەلایەن لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم لەشاری گیەڵانەوە ڕفێندراوە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر تەندروستی، شوێنی ڕاگرتنی و تەنانەت زیندووبوونی لە بەردەستدا نییە.
شایانی باسە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لە ڕێگای ناوەندی ئەمنییەتی و نیزامییەکاندا، هەتا ئێستە هیچ وڵامێکیان وەرنەگرتووە و چارەنووسی هەروا نادیارە.
ڕفاندن و بێسەروشوێنبوونی ڕەزا هەمەخانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە، بۆ بنەماڵەی ناوبراو کە تەنیا سەرچاوەی بژیوی ژیانیانە، نیگەرانی و دۆخی ناخۆشی دەروونی ساز کردووە.





