ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان «چاونیوز» بە نیگەرانییەکی قووڵەوە ڕایدەگەیەنیت؛ کۆماری ئیسلامی بە قۆستنەوەی بارودۆخی دوای ئاگربەستی پێکدادانەکانی ئەم دواییە، هەڵمەتێکی دڕندانە و ڕێکخراوی بۆ سەرکوتی کۆمەڵگای مەدەنیی کوردستان دەست پێ کردووە.
لە سێبەری بێدەنگیی میدیاکان و لە کەشێکی پڕ لە ترس و تۆقاندندا، شەپۆلێک لە ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و نایاسایی، سەدان هاووڵاتی لەوانە چالاکوانانی مەدەنی و خەڵکی ئاسایی دەست پێکردووە و ژمارەیەکی زۆر بنەماڵەی کورد لە چارەنووسی ئازیزانیان نیگەرانن.
هاوکات، پەتی لەسێدارەدان و فیشەکی کوشتن بێوچان کار دەکات، زیندانیانی سیاسیی کورد بە نهێنی و لە دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە لەسێدارە دەدرێن و هاووڵاتییانی سڤیل لە شەقامەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندار دەکرێن و دەکوژرێن.
ئەوەی لە ئارادایە، تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەمنیی ساکار نییە، بەڵکوو یەکلاکردنەوەیەکی سیاسیی ئاشکرا و هەوڵێکی ئەنقەستە بۆ کپکردنی هەر دەنگێکی ناڕازی لە کوردستان.
ئێمە بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنین کە لەم ئاستە لە پێشێلکاریی ئاشکرا و دڕندانەی ڕێکخراو، بە قووڵیی نیگەرانین. هەر بۆیە داوا لە تەواوی میدیاکان، ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ویژدانە زیندووەکانی ئێران و سەرانسەری جیهان دەکەین، ئەم بێدەنگییە بشکێنن و ببنە دەنگی خەڵکی بێ تاوانی کوردستان و، کۆماری ئیسلامی ناچار بکەن وەڵامدەری ئەم سەرکوتە خوێناویانە بێت.
مەهێڵن کوردستان لە بێدەنگیدا ببێتە قوربانی.
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان «چاونیوز»
شەممە، ٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ی کوردی