دوو برا بە ناوەکانی “سەلیم ڕۆشندڵ” دانیشتووی گوندی “نەرزیوێ” و “ڕەحیم ڕۆشندڵ” دانیشتووی شاری شنۆ، دوای ٢٠ ڕۆژ دەسبەسەرکران و لێپرسینەوە لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کران.
لەم پەیوەندییەدا، هەواڵنێری چاونیوز لە شنۆ ڕایگەیاند: ئەم دوو برایە دوای ئەوەیکە یەکی خەرمانانی ئەمساڵ بەبێ حوکمی دادوەر و بە شێوەیەکی توندوتیژ دەسبەسەر کرابوون، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی، لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کران.
ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان، بنەماڵەی ئەم دوو بەندکراوە هەواڵی دەسبەسەرکردنیانیان بڵاو نەکردبووەوە و تا بڵاوکردنەوەی لەلایەن “ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان”، هەواڵی دەسبەسەرکردنیان بڵاو نەکرابووەوە.
تا ئێستا لەبارەی تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو برایە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.





