چاونیوز: چالاکێکی ڕاگەیاندنکاری دژبەری کۆماری ئیسلامی، مەترسیی گەڕانەوەی لە وڵاتی تورکیەوە بۆ ئێران لە سەرە.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ “هانا”، “عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵاهیپوور” ناسراو بە “شێرکۆ”، یەکێک لە هاوکارانی ئەم ڕێکخراوەیە، لە ڕۆژانی ڕابردوو لە وڵاتی تورکیە، لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر کراوە و لە یەکێک لە کەمپەکانی گەڕانەوەی پەنابەران بۆ ئێران ڕاگیراوە.
بەپێی داواکاریی ڕێکخراوەی هانا لە بەرپرسانی وڵاتی تورکیە، لە ئەگەری گەڕانەوەی ئەم کەسە بۆ ئێران، بە هۆکاری هاوکاریکردنی لەگەڵ ئەم ڕێکخراوە بەرەڕووی مەترسیی گیانی دەبێتەوە.
گەڕانەوە و ڕادەستکردنی پەنابەرانی کوردی ڕۆژهەڵات لە تورکیەوە بۆ ئێران، ساڵانێکە بووەتە جێی نیگەرانیی لەسەر ئەو چالاکوانە سیاسی و مەدەنییانەی کە بە مەبەستی پاراستنیان ڕوو لەو وڵاتە دەکەن. هەر بەم بۆنەوە بەرپرسانی تورکیە وەکوو ئەرکێکی مرۆیی دەبێت لە هەمبەر ئەم ڕەوتە ڕێوشوێنی یاسایی بەپێی مافەکانی مرۆڤ ڕەچاو بکەن.





