چاونیوز: کوشتنی هاووڵاتییانی کوردستان، بە ئاشکرا و بە نهێنی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.
بەپێی هەواڵەکان، ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی خەرمانان، شەماڵ فەخرولعولەمایی، وەرزشکاری ناسراو و خۆشەویستی خەڵکی سنە، لە سنووری مەریوان، بەبێ ئاگادارکردنەوە و بە تەقەی ڕاستەوخۆ، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی ئێران لە سەر سنوور گیانی لە دەست دا.
پاش کوشتنی ئەم وەرزشکارە سنەیی، کە بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی و سەرەڕۆیانە ئەنجام دراوە، هێزە ئەمنییەتییەکان گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەکەی کە پێش بە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەی لە ڕاگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بگرن.
هەر لەم پێوەندییەدا، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی مەهاباد، بە ناوی “ئەنوەر کەیخوسرەوی” خەڵکی مەهاباد، کە لە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانانەوە بێسەروشوێن کراوە، تەرمەکەی لە ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ی خەرمانان، لە پشت ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی فەجر دۆزراوەتەوە.
بەپێی وتەی شایەتحاڵان، ئەم هاووڵاتییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لەژێر گوشاردا بووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە لە ئیتلاعاتی ورمێ ناوی لە ڕیزی ئەو کەسانەی کە دەسبەسەر دەکرێن.
دوای دۆزینەوەی تەرمی ناوبراو پاش دە ڕۆژ لە ونبوونی، پزیشکی یاسایی ڕایگەیاندووە کە ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە لە سەر جەستەی ئەم کەسە دیار نییە و ئیدارەی ئاگاییش ڕایگەیاندووە کە ئەم کەسە بە هۆی خەمۆکییەوە لە سەر سەربانی ماڵەکەی، خۆی بەر داوەتەوە.
شایانی باسە، “خانە کەیخوسرەوی” باوکی ئەنوەر کەیخوسرەوی، کە چەند ساڵێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە ماڵەکەی خۆی تیرۆر کراوە.





