چاونیوز: چوار بەندکراوی سیاسیی کورد پشتیوانیی خۆیان لە ڕاگەیندراوی مانگرتنی ناوەندی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران دەربڕی.
“ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستان”، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، کە “وریشە مورادی، سەکینە پەروانە، زەینەب جەلالیان و موتەلب ئەحمەدیان” چوار بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەکانی ئەڤین و یەزد، پشتیوانیی خۆیان لە مانگرتنی ٢٥ی خەرمانان دەربڕیوە.
ئەم چوار بەندکراوە سیاسییەی کورد، پاش ئەوەی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، داوایان لە خەڵکی کوردستان کرد کە بە بۆنەی ساڵیادی کوشتنی “ژینا ئەمینی” و سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی ژینا مان بگرن و بازاڕ و دووکانەکانیان دابخەن، پشتیوانیی خۆیان لەم بانگەوازە ڕاگەیاند و مانگرتنیان بە “شارستانیترین شێوازی دەربڕینی ناڕەزایەتی” زانیوە.





