حوکمی دەرکردنی “سومەیە ئەختەرشومار” لەلایەن لقی ٣١ی پێداچوونەوەی دیوانی عیداڵەتی ئیداری پشتڕاست کرایەوە.
ئەم حوکمە کە ڕێکەوتی ٧ی بانەمەڕی ١٤٠٤ لەلایەن لقی ٣١ی دیوانی عیداڵەتی ئیداری بە سەرۆکایەتیی “مەحموود فەرەیدوونی فەرد” و ڕاوێژی “موحسین هیدایەت مەنش” دەرکرابوو، ناڕەزایەتیی سومەیە ئەختەرشوماری لێکەوتبووەوە و داوای پێداچوونەوەی لە دیوانی عیداڵەتی ئیداری کردبوو.
پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٣، لقی یەکی لێژنەی نەزەری وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانیش حوکمی دەرکردنی “سومەیە”، مامۆستای فەرمیی پەروەردە و بارهێنانی مەریوانی پشتڕاست کردبووەوە. حوکمی دەرکردنی ناوبراو جۆزەردانی ١٤٠٣ لەلایەن لێژنەی سەرەتاییی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچیی ئیداریی فەرمانبەرانی پارێزگای سنە، دەرکرابوو.
ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی مەریوان ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٢ لە نامەگەلێک بۆ لێژنەی سەرەتاییی سەرپێچییە ئیدارییەکانی پارێزگای سنە، سومەیە ئەختەرشوماری بە “بڵاوکردنەوەی بابەتی بێڕێزانە و بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی”، “ئەندامێتی لە کاناڵە نایاسایییەکانی پیشەیی مامۆستایان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان” و “خستنە بەرباسی پرسیاری مەجازی بۆ پشتیوانی لە ناڕازییان و حیزبە کوردییەکان” تۆمەتبار کردبوو.
لێژنەی سەرەتایی بە بەڕێوەبەریی ئیداریی پارێزگای سنە، بەپێی نامەی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی مەریوان، حوکمی دەرکردنی ئەم مامۆستایەی لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢، دەرکرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی “شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەیییەکانی فەرهەنگیانی ئێران”، پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە، لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و ناوەندەکانی سەرکوت، لە مانگەکانی ڕابردوودا بە دۆسیەسزای دژی چالاکانی پیشەییی کورد، دەستیان کردووە بە دەرکردن، دابەزاندنی پلە و هەڵپەساردنی مامۆستایانی ئەم پارێزگایە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەم شورایە، حوکمی دەرکردنی سومەیە ئەختەرشومار، مامۆستای خەڵکی مەریوان بە ١٧ ساڵ پێشینەی کارکردن، بەبێ ئامادەبوونی خۆی و پارێزەرەکەی دەرکراوە.
ئەم مامۆستایە لەدایکبووی ١٣٦٦، خێزاندار و خەڵکی گوندی “ڕوار” سەر بە سەوڵاوایە. بەکالۆریۆسی هەیە و مامۆستای زمانی ئینگلیزیی مەریوان بووە.