چاونیوز: لە درێژەی ناڕەزایەتییەکان لە شاری کرماشان، پزیشکێکی کوردی یارسانی، لە بەردەم نۆرینگە تایبەتەکەی خۆیدا و لە کاتی بەهاناچوونی هاووڵاتییەک، کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان و بەهۆیەوە گیانی لەدەست دا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیشتوون، لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، دوکتور “پدرام ئەرغا”، تەمەنی ٢٧ ساڵ، لەبەردەم شوێنی کارەکەیدا (نۆرینگە) لە شاری کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەی لێ کراوە و گیانی لە دەست داوە.
شایەتحاڵان لە شوێنی ڕووداوەکە ئاماژەیان بەوە داوە، دوکتور پدرام، لەو کاتەدا سەرقاڵی چارەسەرکردن و بەهاناچوونی یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان بووە، بەڵام هێزە چەکدارەکان بە دوو گولـلە لێیان داوە و گیانی لەدەست داوە.
هاوکات سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی ئەرغا ئاشکرایان کردووە، کە دامودەزگا ئەمنییەکان، گوشارێکی توندیان خستووەتە سەر کەسوکاری ناوبراو، بەتایبەت باوک و مامەکانی و بە هەڕەشەکردن، بنەماڵەکەیان ناچار بە بێدەنگی دەکەن و داوایان لێ کردوون کوڕەکەیان وەک ئەندامی هێزەکانی “بەسیج” بناسێنن.
شایانی باسە، ئەم کارەی هێزە ئەمنییەکان، وەک هەوڵێک بۆ شێواندنی ڕاستییەکان و خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتیی کوشتنی ئەو پزیشک لە قەڵەم دەدرێت.





