مێرمنداڵێکی ١٧ ساڵەی کورد بە ناوی ژیوار ڕەحمانی، خەڵکی پاوە، به تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حكومییەکان بە سەختی بریندار بوو و دۆخی تەندروستی ناجێگیرە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو به چاونیوز، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەز، ژیوار ڕەحمانی، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی “نەیسانە”ی سەر بە پاوە بە تەقەی هێزە حكومییەکان ڕوو لە ئۆتۆمبێلەکەی بە سەختی بریندار بووە.
ژیوار ڕەحمانی دوای بەرکەوتنی فیشەک بە کەمەر و ملی زیان بە بڕبڕەی پشتی گەیشتووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان کراوە و دۆخی تەندروستی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
ئۆتۆمبێلی ئەم مێرمنداڵە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لەلایەن هێزە حكومییەکانی بنکەی “ملاندەر”وە کراوەتە ئامانج.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ١٨ گوللـە بەر ئۆتۆمبێلەکە و ٦ گوللـە بەر جەستەی کەوتووە.
ئەم هێزانە بە گومانی ئەوەی ناوبراو پاسەوانی باری قاچاخ بووە، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەكەی کردووە.
ئەمە لە کاتێکدا بووە کە ئۆتۆمبێلەکەی ژیوار لە شوێنی ڕێگەپێدراو وەستابوو.





