شەش هاونیشتمانی خەڵکی شنۆ، بە گشتی بە ١٢٤ مانگ سزای زیندانی تەعزیری حوکم دران.
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا؛ شەش هاونیشتمانی بەناوەکانی “حەسەن شاداب”، “کاوە خاکینەهاد”، “جەماڵ حسێن نژاد”، “مەحموود قادری”، “مەنسوور فەڕاش” و “کامیار (کەماڵ) عوقابی”، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە گشتی بە ١٢٤ مانگ سزای زیندانی تەعزیری حوکم دران.
بەپێی ئەو ئەو حوکمانەی کە بەم هاوڵاتییانە ڕاگەیەندراوە، حەسەن شاداب بە ٣ ساڵ زیندانی، کاوە خاکینەهاد خەڵکی گوندی سۆفیان بە ٢٠ مانگ زیندانی، جەماڵ حسێن نژاد خەڵکی گوندی “سەرگیز” بە ٢٠ مانگ زیندانی، کامیار (کەماڵ) عوقابی خەڵکی گوندی باڵاگیر بە ٢٠ مانگ زیندانی، مەحموود قادری خەڵکی گوندی “سەرگیز” بە ١٦ مانگ زیندانی و مەنسوور فەڕاش خەڵکی گوندی “سەرگیز” بە ١٢ مانگ زیندانی سزادراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە چاونیوز ڕاگەیاند: ئەم شەش هاوڵاتییە بە گشتی بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە پارتە کوردستانییەکانی دژبەری ڕژێم و بانگەشەکردن دژی ڕژێم” سزای زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە.
ئەم هاوڵاتییانە، جگە لە کامیار عوقابی کە پێشتر و لە ڕۆژی هەینی ٦ی پووشپەڕ دەستبەسەر کرابوو، بەرەبەیانی چوارشەممە ١٨ی پووشپەڕ، بەبێ پێشکەشکردنی بڕیاری دادوەر لە ماڵەکانی خۆیاندا لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاوازدا دەستبەسەر کران و گواسترانەوە بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی ئیتلاعات لە ورمێ.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی گەلاوێژ، سەرجەم ئەم شەش هاوڵاتییە دوای ٣٨ ڕۆژ دەستبەسەرکردن و لێکۆڵینەوە بە دانانی بارمتە لە زیندانی شنۆ ئازاد کرابوون.





