چاونیوز: هێزەکانی سەربە سپای پاسداران لە کوردستان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی چەند بنەماڵەیەکی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، کاتژمێری ٤ و نیوی بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، هێزەکانی سەربە سپای پاسداران و لە چەکدارانی مەنگوڕ، لە شاری پیرانشار، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “عوسمان سوخەنوەر” باوکی “کاکەڵڵا سوخەنوەر” ناسراو بە “ئارام گەردی” پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات.
هێزەکانی سپای پاسداران، تەنیا بە بیانووی ئەوەی کە کوڕێکی ئەم بنەماڵەیە دژبەری کۆماری ئیسلامییە هێرشیان کردووەتە سەر ئەم بنەماڵەیە و وێڕای لێدانی ئەندامانی بنەماڵەکە بەتایبەت عوسمان سوخەنوەر و خێزانەکەی و بریندارکردنیان، بەشێک لە ماڵەکەیان سووتاندووە و کەلوپەلەکانیشیان شکاندووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، هێزەکانی سپای پاسداران، لە شاری پیرانشار، شەوی ڕابردوو، پەلاماری ماڵی برایەکی “محەممەد باڵدار” پێشمەرگەی حیزبی دیـموکراتیان داوە و دوای شکانی درگا و پەنجەرەوە و کەلوپەلی ماڵەکەی، لە ئەندامانی بنەماڵەکە و برای ناوبراویان داوە و بە توندی برینداریان کردووە.
بەپێی وتەی شایەتحاڵان، لە هەر دوو حاڵەتدا، هێزەکانی سپای پاسداران بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و تەنیا بە بیانووی کوڕ و برای ئەم بنەماڵەیە لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامین دەستیان داوەتە ئەم کردەوە ناڕەوایە.





