سزای لەسێدارەدانی پێنج کەس لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی “ژینا” لە بۆکان بە ناوەکانی؛ پژمان سوڵتانی، ڕزگار بەیگزادەبابامیری، عەلی (سۆران) قاسمی، کاوە ساڵحی و، تەیفوور سەلیمییبابامیری، لە لایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکەیان بە مەبەستی تاوتوێی دووبارە ڕادەستی دادگای ئینقلابی مەهاباد کرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە چاونیوز گەیشتووە، دوای تاوتوێکردنی داوای پێداچوونەوە (فرجامخواهی)ی پارێزەرانی دۆسیەکە لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێراندا، حوکمەکەیان هەڵوەشاوەتەوە و دۆسیەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە ڕەوانەی دادگای ئینقلابی مەهاباد کراوە. ئەم بڕیارە ڕۆژی شەممە ٣ی خەزەڵوەری ۱٤۰٤ بە شێوەی فەرمی بە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسیانە ڕاگەیەنراوە.
شیاوی باسە، ئەو بەندکراوانە لە پووشپەڕی ئەمساڵدا لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرجەم ١١ جار لەسێدارەدان حوکم درابوون.
لەو بەناو دادگایەدا، دۆسیەی پژمان سوڵتانی و ڕزگار بەیگزادەبابامیری، بە تۆمەتی “ئاگاداربوون لە کوشتنی بەئەنقەست” (مباشرت در قتل عمد)، بە کوشتنەوە (قصاص نفس) و ۱۵ ساڵ بەندکران و سۆران قاسمی بە ۱۰ ساڵ و ۱ ڕۆژ بەندکران سزا درابوون.
لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا، لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ورمێ، به سەرۆکایەتی دادوەر “ڕەزا نەجەفزادە” ئەو پێنج هاووڵاتییەی خەڵکی بۆکانی بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ خودا (محاربە) و هەروەها دژایەتی لەگەڵ حاکمی شەرع (بغی) بە سزای لەسێدارەدان و ئەندامبوونی لە “حیزبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی” حوکمی بەندکرانی دوور و درێژیان بە سەردا سەپابوو.
بەپێی ئەو سزایانە سۆران قاسمی، کاوه ساڵحی و پژمان سوڵتانی، هەر کام بە سێ جار لەسێدارەدان، ڕزگار بابامیری بە دوو جار لەسێدارەدان و تەیفوور سەلیمیبابامیری کە پێشتر بە دانانی بارمتەی ۵ میلیارد تمەنی ئازاد کرابوو، بە یەک جار لەسێدارەدان حوکم درابوون.
پێویستە بگوترێ، ئەو هاووڵاتیانە لە کۆتایی خاکەلێوەی ۱٤۰۲ و لە ڕەوتی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”دا، لە شاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرابوونەوە و چەندین مانگ لەژێر دڕندانەترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییدا، ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کرابوون.





