ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی بۆکان بە ناوی “هەورام مێهرنەوایی”، دوای ڕەتکردنەوەی داخوازیی کەڵکوەرگرتنی یاسایی لە مافی ئازادیی مەرجدار، مانی لە خواردن گرت.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی گوت: ئەم بەندکراوە سیاسییە دوای تێپەڕاندنی ٢٧ مانگ لە حوکمی بەندکرانەکەی، بەپێی یاسا داوای ئازادیی مەرجداری کردووە، بەڵام ناوەندە دادوەری و ئەمنییەتییەکان دژایەتیان کردووە و ئەم بەندکراوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە بەندیخانەی بۆکان مانی لە خواردن گرتووە.
هەورام لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
ئەم لاوە ٢٢ ساڵە، ڕەشەمەی ١٤٠١ بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری نیزام”، لەلایەن دادگای شۆڕشی بۆکانەوە بە ٥٤ مانگ بەندکرانی تەعزیری حوکم درابوو.