چاونیوز: لە درێژەی دەسبەسەرکردنە نایاساییەکانی هاووڵاتییانی کوردستان، مامۆستایەکی ناڕازیی کرماشانی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی ڕەشەممە، “عەزیز ئیسماعیلی”، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کرماشان (شاری شاباد)، دوای پێشکەشکردنی وتار لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی مامۆستایاندا، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و دەسبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، دەستیان بەسەر مۆبایلی ئەندامانی خێزانەکەشیان گرتووە.
پێشتریش “عەبدوڵڵا ڕەزایی”، ئەندامێکی دیکەی ئەم ڕێکخراوە لە هەرسین، بۆ ماوەی مانگێک دەسبەسەر کرابوو و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
دەسبەسەرکردنی چالاکانی پیشەیی مامۆستایان، لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر ئەم توێژە و لە چوارچێوەی ڕەوتی داواکاری و ناڕەزایەتییە پیشەییەکان سەبارەت بە مافەکانیان لە هەمبەر دامەزراوە پەیوەندیدارەکاندا ئەنجام دەدرێت.
ئەنجومەنی هەماهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی فەرهەنگیان وێڕای دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی ئەم مامۆستایە، ڕایانگەیاندووە کە بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی نەخۆشییەکانی ناوبراو و پێویستیی بە چاودێریی بەردەوامی پزیشکی، بەرپرسیاریەتی هەر ئەگەرێک ئەم دەسبەسەرکردنە لە ئەستۆی ناوەندە بەرپرسەکاندایە و داوای ئازادکردنی دەسبەجێی ناوبراویان کردووە.





